رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی زافەری تورکیا دەڵێت، ئەگەر کەمال کڵچدارئۆغڵو بە سەرۆککۆماری تورکیا هەڵبژێردرایە، دەزگای میت و سێ وەزارەتیان وەردەگرت و یەکێک لەوانیش وەزارەتی ناوخۆ دەبوو.
شەوی یەکشەممە 16-07-2023، ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە بە سیاسەتی دژایەتیکردنی پەنابەرانی سووریایی و نەژادپەرستی دەناسرێت، بەشداری بەرنامەیەکی راستەخۆی کەناڵێکی تورکیا بوو.
ئۆزداغ لە بەشێکی هەڤپەیڤینەکەدا رایگەیاند، "کەمال کڵچدارئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەڵێنی پێداین کە لە بەرامبەر پاڵپشتیکردنی لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردندا، دەزگای میت و سێ وەزارەتمان پێ بدات کە یەکێکیان وەزارەتی ناوخۆ بوو."
ئۆزداغ راشیگەیاند، "کڵچدارئۆغڵو لە کاتی دیدار و کۆبوونەوەکەماندا بەڵێننامەی نووسراوی هاوبەشمانی واژۆکرد."
لەبارەی هۆکارەی ئەوەی کە بۆچی ئێستا ئەو وردەکارییە ئاشکرا دەکات، سەرۆکی پارتی زافەر رایگەیاند، "کڵچدارئۆغڵو داوای لێکردم ئەم بابەتە بەهۆی هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانیی میللـەت، بە نهێنی بهێڵمەوە بۆ ئەوەی کێشەی بۆ دروست نەبێت" و گوتیشی، ئەگەر هاوبەشەکانی لە هاوپەیمانیی میللـەت بە دروستی کاریان بۆ سەرخستنی کڵچدائۆغڵو بکردایە، بەدڵنیاییەوە سەرکەوتنی بەدەست دەهێنا.
سەرۆکی پارتی زافەر گوتی، ئەگەر پلانەکە بەو جۆرە بووایە لەسەری رێککەوتبوون و وەزارەتی ناوخۆیان وەرگرتبایە، بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو پەناخوازانی سووریاییان دەگەڕاندەوە.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیادا هیچ کام لە سێ بەربژێرەکە سەرنەکەوتن و هەربۆیە هەڵبژاردن چووە گەڕی دووەم؛ لە گەڕی دووەمدا کە رۆژی 28ی ئایار بەڕێوەچوو، ئەردۆغان سەرکەوت و بووەوە سەرۆککۆماری تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ