رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای گەلیبۆلوی سەر بە پارێزگای چاناککالەی تورکیا، ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستانەکاندا کەوتووەتەوە و هەوڵەکانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە لە رێگەی ئاسمان و وشکانییەوە بۆ دامڕکاندنی بەردەوامن.
ئاگرەکە کاژێر 04:28ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025، لەنێوان گوندەکانی تەیفور و جومالی لە قەزای گەلیبۆلو کەوتەوە و بەهۆی کاریگەریی باوە، بۆ دارستانەکانی قەزای ئەجەئابادیش تەشەنەی کردووە و تاوەکو ئێستاش هەوڵی کوژاندنەوەی بەردەوامە.
عومەر تۆرومان، پارێزگاری چاناککالە، لە راگەیێندراوێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسییەکانی ئاگرەکەوە پێنج گوندی ناوچەکە چۆڵکراون و 251 هاووڵاتی بۆ شوێنی ئارام گوێزراونەتەوە.
تۆرومان جەختی کردەوە کە، "تاوەکو ئێستا ئاگرەکە نەگەیشتووەتە ئەو ناوچە نیشتەجێبوونانەی چۆڵکراون" و رایگەیاند سەرجەم تیمەکان، بەتایبەتی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دارستانەکان، لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.
بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە؛ 12 فڕۆکە، 12 هێلیکۆپتەر، 75 ئۆتۆمبێلی ئاوپڕژێن، 20 ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، 16 بلدۆزەر، 84 تانکەری ئاو و 985 کارمەند بەشدارن لە هەوڵەکاندا.
لەگەڵ یەکەم تیشکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکان جارێکی دیکە دەستیان بە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ئاسمانەوە کردەوە.
پارێزگار تۆرومان لە لێدوانێکی نوێدا دووپاتیکردەوە، هەوڵەکان لە وشکانییەوە بە درێژایی شەوەکە بەردەوام بوون و لەگەڵ هەڵاتنی خۆر، جارێکی دیکە لە رێگەی ئاسمانیشەوە دەستیانپێکردووەتەوە.
رۆژی 15ـی ئابی 2025، ئیبراهیم یوماکلی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا رایگەیاند، 96%ـی ئاگرەکان بەهۆی مرۆڤەوە روودەدەن و گوتی، "تەنیا ئەم ساڵ 5 هەزار و 121 ئاگر لە دارستان، زەوییە کشتوکاڵییەکان، پوش و پاوانەکان کەوتووەتەوە."
بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا؛ پار، سێ هەزار و 800 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی تورکیا و باکووری کوردستان کەوتەوە. لە ئەنجامدا 27 هەزار و 900 هێکتار زەوی دارستان و پاوانەکان سووتان. هەروەها چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 111 کەسیش برینداربوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ