رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆل) 10 تۆمەتباری داواکراوی رادەستی وەزارەتەکەیان کردەوە و داواکراوەکانیش گەڕێندرانەوە تورکیا بۆ دادگەییکردنیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئابی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە ئێکس بڵاویکردەوە، ئەو 10 داواکراوە، کە لە لیستی سووری داواکراواندا بوون، شەوی رابردوو گەڕێندرانەوە تورکیا.
عەلی یەرلیکایا گوتی، تۆمەتبارە داواکراوەکان بە تۆمەتەکانی قاچاخچێتی، بازرگانی بە مرۆڤ، مادەی هۆشبەر، هێرشی ئەلیکترۆنی بۆ سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، کوشتن و تاوانی رێکخراو داوا کرابوون.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارە داواکراوەکان لە جۆرجیا، بولگاریا، پۆڵەندا، ئەڵمانیا، قوبرس و لوبنان دەستگیرکرابوون و ئینتەرپۆل رادەستی تورکیای کردنەوە.
بە گوتەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە 2023ـەوە تاوەکو ئێستا 437 تۆمەتباری داواکراو، لەلایەن ئینتەرپۆل و یۆرۆپۆل رادەستی تورکیا کراونەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ