ئەردۆغان: کەس ناتوانێت رێگری لە پشتیوانیکردنی تورکیا بۆ ستەملێکراوانی غەززە بکات

17-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025، لە کاتیی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی کۆمەڵگەی وەزارەتی دەرەوە لە ئەنقەرە. تێیدا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند: "کەس ناتوانێت رێگریمان لێبکات لە پشتیوانیکردنی ستەمدیدانی غەززە کە لەژێر هێرشە دڕندانەکانی ئیسرائیلدا هەوڵ بۆ مانەوە لە ژیاندا دەدەن."
 
ئەردۆغان لە سەرەتای گوتارەکەیدا باسی لە چالاکییەکانی وەزارەتی دەرەوە و دیپلۆماسییەتی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "رێکخستنەکانی دەرەوەمان بە نەریتی سەدان ساڵەی بووەتە رووی سپی دەوڵەتەکەمان. وەزارەتەکەمان کە لەناو رێکخستنی دەوڵەتەکەماندا بە درێژایی مێژوو خاوەنی پێگەیەکی تایبەتە، لە هەمان کاتدا دەروازەی وڵاتەکەمانە بەڕووی جیهاندا".
 
سەرۆککۆماری تورکیا باوەڕی وڵاتەکەی بە جیهانێک دووپاتکردەوە کە تێیدا حەق بەهێزە، نەک بەهێز حەق بێت، "بۆیە تورکیا بۆ جیهانێکی لەم شێوەیە تێدەکۆشێ."
 
"زمانی دیپلۆماسیی رەوشت بەرزییە"
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە توانای وڵاتەکەی کرد لە رووی دیپلۆماسییەوە و رایگەیاند: "ئەمڕۆ تورکیا وڵاتێکە توانای ئەوەی هەیە هەم لە ناوخۆ، هەمیش لە ناوچەکە پلانی خۆی دابنێت و بێ گوێدانە قسەی کەس جێبەجێی بکات. زمانی دیپلۆماسیی رەوشت بەرزییە، سیاسەتی دەرەوەی تورکیا ئاشتیخوازانەیە، بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە بەرامبەر بێ رێزییەکان بێدەنگ دەبین یان پاشەکشە بکەین".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی ئەوانە کردەوە کە دەیانەوێت  لە ناوچەکەدا پشێوی دروست بکەن و رایگەیاند: "ئەمڕۆ و سبەیش رووبەڕووی ئەوانە دەبینەوە کە دەیانەوێت ناوچەکەمان بکەنە دەریای خوێن و لە جوگرافیاکەیدا ناسەقامگیریی بنێنەوە".
 
پشتیوانی لە ستەملێکراوانی غەززە
 
ئەردۆغان سەبارەت بە غەززە، دووپاتی کردەوە کە "کەس ناتوانێت رێگرییمان لێبکات لە پشتیوانیکردنی ستەمدیدانی غەززە کە لەژێر هێرشە دڕندانەکانی ئیسرائیلدا هەوڵ بۆ مانەوە لە ژیاندا دەدەن". گوتیشی: "تیرۆر و کۆمەڵکوژیی جا بکەرەکەی رێکخراوێک بێت یان دەوڵەت، قفڵدانی عەقڵ و هزرە. پشتیوان بە خودا لە کۆتاییدا ئەم قفڵە خوێناوییە کە ناوچەکەمانی بەدیل گرتووە، دەشکێندرێت".
 
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لە پاراستنی قودس کردەوە و رایگەیاند: "رێگە نادەین قودسی پیرۆز بە دەستی ناپاک پیس بکرێت. دەزانم رەنگە هەرگیز ئازاری ئەو جۆرە کەسانەی لاسایی هیتلەر دەکەنەوە، نەوەستێت. بەڵام با لە داخا بتەقێن. ئێمە وەک موسڵمان تەنانەت یەک هەنگاویش لەسەر مافەکانمان لەبارەی قودسی رۆژهەڵات بۆ دواوە نانێین."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە