رابەری بزووتنەوەی فورقان: تورکیا لە سووریا هەڵەی عێراقی دووبارە کردەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئاڵپئارسڵان کویتوڵ، رابەری بزووتنەوەی فورقان لە تورکیا رایگەیاند، ئەنقەرە هەمان ئەو هەڵەیەی دووبارە کردەوە کە پێشتر لە عێراق کردبووی. دەشڵێت، تورکیا دەزانێت ئەمریکا و ئیسرائیل لە سووریا پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد دەکەن، ئینجا بە هەڵەکەی خۆی زانیوە.
 
رابەری بزووتنەوەی فورقان، کە بزووتنەوەیەکی ئیسلامییە و ناوەندەکەی لە پارێزگای ئەدەنەی تورکیایە، لە گوتارێکیدا کە رۆژی هەینی تۆماریکردووە و رۆژی شەممە 17-01-2026 لە هەژماری خۆی بڵاویکردووەتەوە، رەخنەی تووند لە حکومەتی وڵاتەکەی دەگرێت بەوەی لە سووریادا هەڵەی کردووە.
 
کویتوڵ لەبارەی دۆخی ئێستای سووریا و هەنگاوەکانی دیمەشق گوتی، "ئەحمەد شەرع لە لایەک لەژێر گوشاری ئەمریکایە، لە لایەکی دیکەش لەژێر گوشاری تورکیایە. تورکیا دەڵێت، لە دژی هەسەدە بجووڵێت. ئەمریکا دەڵێت، لە شوێنی خۆت دانیشە. ئەحمەد شەرع دەزانێت ئەگەر بەگوێی ئەمریکا نەکات، کۆماندۆکان دێن؛ قۆڵبەستی دەکەن و دەیبەنە ئەو شوێنەی مادورۆیان بۆ برد."
 
رابەری بزووتنەوەی فورقان رووی دەمی کردە حکومەتی ئاکپارتی و گوتی، "بۆچی ئێستا کەوتوونەتە دۆخێکی سەختەوە؟ چونکە باش دەزانن ئەمریکا و ئیسرائیل لە سووریا پشتیوانی لە بزووتنەوەی کورد دەکەن. هەروەک چۆن لە عێراق هەڵەتان کرد، رێک لە سووریاش وەهاتان کرد. بە درێژایی حوکمی ئاکەپە، هەر ویستی ئەمریکا و ئیسرائیل هاتەدی. تورکیا تازە بە تازە پەی بە مەترسییەکان دەبات. دەڵێ دژی دەستوەردانەکانی سەر ئێرانین. چونکە دەزانێ نۆرەی خۆی هاتووە."
 
رابەری بزووتنەوەی فورقان رایگەیاند تورکیا و کوردیش نابێت هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا بکەن و گوتی، "ئەگەر تورکیا کە خۆی هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەمریکا دەکات و بە کوردەکان بڵێت ئێوە مەیکەن، ئەمە راستگۆیانە نابێت. بە تورک، کورد و عەرەبەوە دەبێت بزانین کێ دوژمنمانە."
 
کویتوڵ هەروەها جەختیکردەوە کە ئەگەر تورک تورکچیەتی و عەرەب عەرەبچیەتی بکات، ئەوکات کوردیش کوردایەتی دەکات کە ئەمانە هەموویان هەڵەن.
 
رابەری بزووتنەوەی فورقان هەروەها پێشنیازی کرد لایەنەکان بەگوێرەی قورئان هەنگاو بنێن و کارەکانیان یەکلایی بکەنەوە.
 
بزووتنەوەی فورقان ساڵی 1994 لەلایەن ئاڵپئارسڵان کویتوڵ لە پارێزگای ئەدەنە دامەزراوە.
 
ئەو بزووتنەوەیە چالاکیی ئایینیی وەکو پەروەردەی ئیسلامی، خولی فێربوونی قورئان و زانستە ئیسلامییەکان، کۆنفرانس بەرێوەدبات و کتێب و گۆڤاریش چاپ دەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە