رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، رەخنەی تووند لە هەڵوێستی حکومەتی تورکیا لەبارەی پێکدادانەکانی حەلەب و پێشهات و لێکەوتەکانی دەگرێت و ئەنقەرە بە دووڕوویی سیاسیی تۆمەتبار دەکات.
لە راگەیێندراوەکەی دەم پارتی ئاماژە بە ناکۆکییەکانی نێوان سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی حکومەت کراوە و هێرشەکانی سەر دەستکەوتەکانی کورد لە سووریا بە "دووڕوویی سیاسی" ناوبراوە. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی، پێویستە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رۆڵی هەبێت.
ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی رایگەیاندووە، قبووڵکراو نییە لە کاتێکدا لە تورکیا باس لە پرۆسەی چارەسەری دەکرێت، لە سووریا سیاسەتی دژە کورد پەیڕەو بکرێت.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "پەیڕەوکردنی سیاسەتی لایەنگرانە لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا لە کاتێکدا لە تورکیا پرۆسەی چارەسەری بەڕێوەدەچێت، دووڕووییەکی سیاسیی تەواوە، لە لایەکەوە هەوڵی ئاشتی دەدرێت و لە لایەکی دیکەوە سیاسەتێک پەیڕەو دەکرێت کە دەستکەوتەکانی کورد دەکاتە ئامانج، ئەم هەڵوێستە ناکۆکە، پرسیار لەسەر راستگۆیی دروستدەکات و زیان بە پرۆسەکە دەگەیێنێت. ناتوانن لەم دیوی سنوورەوە بەوانە بڵێن 'هاووڵاتی' کەلەو دیوی سنوورەوە مامەڵەی 'دوژمن'یان لەگەڵ دەکەن؛ ئەمە برینێکی سارێژنەبوو لە یادەوەریی گەلدا دروستدەکات. ئاشتی پێویستی بە ئیرادەیەکی گشتگیر هەیە، ناکرێت لە ئەنقەرە بونیاتنەر و لە سووریا وێرانکەر بیت."
دەم پارتی ئاماژەی بەوە کردووە جووڵەی سەربازی لە گۆڕەپانی سووریا هەوڵەکانی ئاشتی تێکدەدات و بڕیارەکەی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدەی بەبیرهێنایەوە و رایگەیاند: "هێرشەکان لەو کاتەدا کە مەزڵووم عەبدی بڕیاری 'کشانەوەی هێزەکانی لە رۆژهەڵاتی حەلەب بۆ رۆژهەڵاتی فورات و جێگیرکردنەوەیان' راگەیاند و نیازپاکیی دەربڕی، هەوڵێکە بۆ لەناوبردنی زەمینەی دانوستاندن. ئامانجگرتنی هەمان ناوچە بە چەکی قورس، راستەوخۆ دوای کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە دێر حافر، هەوڵی شکستپێهێنانی ئاشکرایە."
هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە گەمارۆی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود لە حەلەب "تاوانێکی قبووڵنەکراوە."
دەم پارتی رایگەیاندووە:"چارەسەریی هەمیشەیی تەنیا بە گەرەنتیی دەستووری دەبێت و پێکهاتەی ئێستا پێویستە بە شێوەیەک بگۆڕدرێت هەموو گەلان لەخۆبگرێت،قەیرانی سووریا سیاسییە، بۆیە تەنیا بە داننان بە هەندێک مافی کولتووری و مەدەنیی گەلان، چارەسەری هەمیشەیی بەدی نایەت. چارەسەریی هەمیشەیی و سیاسی بە فەرمان نا، بەڵکو بە چارەسەریی دەستووری دەبێت. لە سیستمێکدا کە دان بە مافی عەلەوی، درووز و کریستیانەکاندا نەنرێت و ئازادیی ئایینیان مسۆگەر نەکرێت، ناتوانرێت باس لە ئاشتیی کۆمەڵایەتی بکرێت. نابێت خەڵکی خاوەن ناسنامە و ئایینی جیاواز ناچار بکرێن لەژێر ناوی کۆماری عەرەبیی سووریادا بژین؛ دەبێت ببنە بەشدارێکی بەڕێز، یەکسان و ئازادی سووریایەکی دیموکرات."
لە راگەیێندراوەکەدا، ئاماژە بە وردەکارییەکانی دیدارەکەی دوێنێ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کراوە. باس لەوە کراوە کە ئۆجەلان نیگەرانیی خۆی لەبارەی رەوشی سووریا دەربڕیوە و ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەری راگەیاندووە و ئەم بانگەوازەی کردووە:
"بەرێز ئۆجەلان، پێکدادانە بەردەوامەکانی لە سووریا بە هەوڵێک بۆ تێکدانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسیی هەڵسەنگاندووە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە کێشەکانی سووریا بە دیالۆگ، دانوستاندن و ژیریی هاوبەش چارەسەر دەکرێن و لەمبارەیەوە ئیرادەیەکی روونی بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی خستووەتەڕوو.''
هەروەها هاتووە: "بەرێز ئۆجەلان رایگەیاندووە زۆر نیگەرانە لە رەوشەکە و بانگەوازی لە هەموو لایەنەکان کردووە ژیرانە بجووڵێنەوە. پێویستە بەپەلە هەلومەرجێک بڕەخسێندرێت بەرێز ئۆجەلان بتوانێت لەم پرۆسە هەستیارەدا رۆڵێکی چالاکتر ببینێت."
دەم پارتی روو دەکاتە حکومەتی تورکیا ، بەتایبەتی وەزارەتەکانی دەرەوە و بەرگری و رایگەیاند: "پێویستە دەستبەجێ واز لەو سیاسەتانە بێنن زیان بە پەیوەندییەکانی تورک و کورد دەگەیێنێت، دەبێت واز لە هەموو جۆرە پرۆپاگەندە و نزیکایەتییەکی چەپەڵ بهێندرێت دژی پێگە و دەستکەوتە دیموکراسییەکانی کورد لە سووریا بەڕێوەدەبرێن، پێویستە سیاسەتەکانی سووریا لەگەڵ ئیرادەی ئاشتی لە تورکیا بگونجێنرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ