هاوسەرۆکی دەم پارتی: بۆ سەردانی ئیمراڵی داواکاریمان ئاراستەی وەزارەتی داد کردووە

18-03-2025
هەوار ئیسماعیل
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی رایگەیاند، شاندەکەیان داواکاریی ئاراستەی وەزارەتی دادی تورکیا کردووە، بۆئەوەی پێش جەژنی نەورۆز سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆببنەوە.
 
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاداری 2025 دوای کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
 
باکرهان رایگەیاند، شاندی ئیمراڵی دەیەوێت پێش نەورۆز لەگەڵ ئۆجەلان کۆببێتەوە، ئەمڕۆش بۆ ئەو مەبەستە داواکارییەکی فەرمی ئاراستەی وەزارەتی داد کراوە.
 
هاوسەرۆکی دەم پارتی دەڵێت، "پێمانوایە جارێکی دیکە باش دەبێت شاندەکەمان بچێتەوە. هەم ئەنجامی بانگەوازەکە هاوبەش بکەین و هەم کۆمەڵگەش گرنگی بە پەیامەکەی ئۆجەلان دەدات. دڵخۆش دەبین ئەگەر پێش نەورۆز رووبدات و پەیامێک بدرێت کە بانگەوازەکە بەهێزتر بکات. شاندەکەمان داواکاری پێشکێش کردووە. هێنانی پەیامێک زیان بە کەس ناگەیێنێت. هیوادارم شاندەکەمان پەیامێک لە ئۆجەلانەوە بهێنێت کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە، کە دەکرێن."
 
هەر ئەمڕۆ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر هەیە نامەیەک لە زیندانەوە بێت، بەڵام پەیامێکی ڤیدیۆیی نابێت.
 
شاندی دەم پارتی تاوەکو ئێستا سێ جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی لە دوورگەی ئیمراڵی کردووە، دوایینجار لە 27ی شوباتی ئەمساڵ بوو، کە پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان لەگەڵ خۆیان هێنایەوە و لە ئیستەنبووڵ خوێندیانەوە. لە پەیامەکەیدا ئۆجەلان داوای لە گەریلاکانی پەکەکە کرد چەک دابنێن و پارتەکە هەڵبوەشێننەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە