رووداو دیجیتاڵ
رۆژی پێنجشەممە، 18-04-2024، ئەنجوومەنی ئەورووپا پوختەی کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا تیشک خرابوویە سەر سێ ناوچە: ئۆکراینا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و تورکیا.
ئەنجوومەنی ئەورووپا سەرکۆنەی رووسیا و ئێرانیان کردووە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ ئۆکراینا و ئیسرائیل دەربڕیوە. ئەوان هەروەها بڕیاریانداوە هاوکاری بۆ سووریا بنێرن و داوای باشترکردنی پەیوەندییەکانیان کردووە لەگەڵ تورکیا.
سەرکۆنەی رووسیا و پاڵپشتیی ئۆکراینا
لە راگەیێندراوەکەی ئەنجوومەنی ئەورووپادا هاتووە کە ئەوان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی سەربەخۆیی ئۆکراینا و یارمەتیدانی خەڵکەکەی. ئەنجوومەنی ئەورووپا لە کۆبوونەوەکەی سەرکۆنەی هێرشەکانی رووسیای کردووە "بۆ سەر خەڵکی سڤیل و دامەزراوە گرنگەکانی ئۆکراینا."
راگەیێندراوەکە دەڵێت: "ئەنجوومەنی ئەورووپا پاڵپشتیی خۆی بۆ خەڵک، سەربەخۆیی و سەروەریی ئۆکراینا دووپات دەکاتەوە و جەخت لە دەستەبەرکردنی بەرگریی ئۆکراینا و خێراکردنی ناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکراینا دەکاتەوە".
سەرکۆنەی ئێران و دانبەخۆداگرتن
ئەنجوومەنی ئەورووپا هەروەها رایگەیاند، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەکات "هاوشانی ئیسرائیل و خەڵکەکەی دەوەستێت و پابەندە بە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".
ئەورووپا هەروەها داوا لە ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکانی دەکات بۆ راگرتنی هەموو هێرشەکان.
سەرکردەکانی ئەورووپا لە بڵاوکراوەکە داوایان لە هەموو لایەنەکان کردووە ئەوپەڕی دانبەخۆیاندا بگرن و خۆیان لەو هەنگاوانە بەدوور بگرن کە دەبنە هۆی زیادکردنی گرژییەکان.
ئەوەی لەبارەی ئێرانیشە، ئەورووپا بڕیاریداوە "هەنگاوی تووند لە دژی بەرهەمهێنانی درۆن و مووشەکی ئێراندا بگرێتەبەر."
ئەنجوومەنەکە هەروەها گەیشتووەتە ئەو بڕیارەی کە بەردەوام دەبن لە ناردنی هاوکاری بۆ سووریا.
پەیوەندیی تورکیا و یەكێتیی ئەوروپا.
پوختەی کۆبوونەکە دەڵێت: "سەرکردەکانی ئەورووپا لەسەر بابەتی کارکردن لەگەڵ تورکیا کۆبوونەوە بەتایبەت لە رووی ئاسایش و بازرگانییەوە."
وڵاتانی رۆژئاوا لە کۆبوونەوەکەیان رووی دەمیان لە تورکیا کردووە، "ئەورووپا دەیەوێت رۆژهەڵاتی دەریای نێوەڕاست سەقامگیر بێت و هاوئاهەنگیی تورکیا بۆ ئەم مەبەستە گرنگە، پێویستە تورکیاش هەمان خواستی هەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ