شاندی ئیمرالیی دەم پارتی سەردانی ئۆجەلان دەکات

18-05-2025
هێمن عەساف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ دیداری ئۆجەلان، بەرەو گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوت. 
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی ئایاری 2025، ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، شاندی ئیمرالیی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێکهاتووە، بۆ دیداری ئۆجەلان بەرەو گرتووخانەی سزا قورسەکانی دوورگەی ئیمرالی بەڕێکەوتن. 
 
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی، زانیاریی نوێی بڵاونەکردەوە و تەنیا رایگەیاند، لە دوایین پێشهاتدا زانیاری بۆ رای گشتی بڵاودەکەنەوە. 
 
ئەمە یەکەم سەردانی شاندی ئیمرالییە دوای بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و بڕیاری چەک دانانی پەکەکە کە رۆژی 12ـی ئایار بە راگەیێندراوێک بۆ رای گشتی بڵاویکردەوە. 
 
رۆژی 3ـی ئایاری 2025، سری سورەییا ئۆندەر کە ئەندامی شاندی ئیمرالیی بوو، دوای 18 رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، کۆچی دواییکرد. بەشێوەیەکی کاتی و بە بڕیاری دەم پارتی، پەروین بوڵدان تاکە ئەندامی شاندی ئیمرالی ماوەتەوە و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، تەنیا وەک پارێزەرێک یاوەری بوڵدان دەکات. 
 
فایەق ئۆزگور ئەرۆل یەکێک بوو لەو کەسانەی لە دوایین دیداری رێبەری پەکەکەدا ئامادەبوو کە تێیدا ئۆجەلان پەیامەکەی بڵاوکردەوە. 
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، چوار پارێزەری هەیە کە پێکدێن لە فایەق ئۆزگور ئەرۆل، رێزان ساریجا، رازیە ئۆزتورک و مەزلووم دینچ. ئەم چوار پارێزەرە وەک تیمی تایبەتی راییکردنی کاروبارە یاساییەکان کار دەکەن. 
 
1ـی تشرینی یەکەمی 2024، دەرگای پەرلەمانی تورکیا لە وەرزێکی نوێدا واڵاکرا. دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) چووە لای فراکسیۆنی دەم پارتی و تەوقەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو پارتە کرد.
 
ئەو رووداوە رۆژەڤی پرۆسەیەکی چارەسەریی پرسی کوردی لە تورکیا هێنایە بەرباس.
 
باخچەلی دواتر داوای لە دەم پارتی کرد لەگەڵ ئۆجەلان دیدار سازبکات. شاندێک لەلایەن دەم پارتییەوە پێکهێندرا و دیداری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان سازکرد و لەگەڵ پارتە سیاسییەکان کۆبووەوە. ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا کۆبووەوە.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025 و 21ـی نیسانی 2025 لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبووەوە. لە دوایین سەردانیاندا فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان یاوەری پەروین بوڵدان کردبوو.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رۆژی یەکی ئاداری 2025 ئاگربەستی راگەیاند، ئەوەش دوای بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە رۆژی 27ی شوبات بە ناونیشانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بڵاوکرایەوە و داوای چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد.
 
10ـی نیسان، شاندی ئیمرالی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
12ـی ئایاری 2025، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەکەی 12ـی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە