راوێژکارێکی ئەردۆغان دەڵێت، رێگەنادەن هیچ لایەنێک بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست بکات

18-05-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

راوێژکارێکی سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، ئامانجیان لە پرۆسەی چارەسەری ''کۆتاییهێنانە بە هەموو پێکهاتەکانی تیرۆر و پاڵپشتیکارانیان لە ناوچەکە و ئەورووپا"؛ لەبارەی گۆڕینی دەستووری ئەو وڵاتەش دەڵێت: ''بنەمای یەک ئاڵا و یەک وڵات لەبەرچاودەگیرێ''.
 
محەممەد ئوچووم، راوێژکاری باڵای رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 18ی ئایاری 2025 لە هەژماری فەرمیی خۆی لە ئێکس رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری بەرەوپێشچووە؛ باسی لەوەش کرد کە ''ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر، کۆتاییهێنانە بە هەموو پێکهاتەکانی تیرۆر و پاڵپشتیکارانیان لە تورکیا، ناوچەکە و ئەورووپا''.
 
ئەو گوتانەی ئوچووم لە کاتێکدایە، رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو بوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
ئەو راوێژکارەی ئەردۆغان گوتیشی، رێگەنادەن هیچ لایەنێک بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست بکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد: ''لەمەودوا هیچ کەسێک ناتوانێت لە تورکیا، ناوچەکە و ئەورووپا لە چوارچێوەی تیرۆردا درێژە بە چالاکییەکانی بدات''.
 
ئوچووم ئاماژەی بە گوتەیەکی ئەردۆغان کرد کە دەڵێت: ''هەرگیز زمانی فەرمی، ئاڵا، یەکپارچەیی خاک، یەکگرتوویی وڵاتمان نابنە جێگەی مشتومڕ و سازشیان لێناکرێت. هەر چییەک بکرێت، لە چوارچێوەی بنەمای یەک گەل، یەک ئاڵا، یەک نیشتیمان و یەک وڵاتدا دەکرێت''.
 
ئوچووم لەبارەی ئەو گوتانەی سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: ''لە دەستووری نوێشدا رەچاوی ئەم بنەمایانە دەکرێت''.
 
ئەو گوتەیەی راوێژکارەکەی ئەردۆغان لە کاتێکدایە، مەهەپە و ئاکپارتی کە هاوپەیمانی یەکدین، داوای گۆڕینی دەستووری وڵاتەکە دەکەن.
 
دەستووری ئێستای تورکیا لە ساڵی 1982 دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 هەموارکراوەتەوە.
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناوبراوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر

ئیلهام ئەحمەد لە پەیامێکدا بۆ تورکیا: ئارامیی سووریا ئارامیی ئێوەیە

ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێ، قۆناخی ئێستا قۆناخی بنیاتنانەوەی سووریایەکی دیموکراسییە و ئامادەیی خۆیانی بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا دەربڕی