رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی باڵای هەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند لە سەرەتای ساڵی نوێدا دەست بەئامادەکارییەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا.
لە راگەیێندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی دەستەکە بڵاوکراوەتەوە، ئەحمەد یەنەر وادەی دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رۆژی 1ی کانوونی دووەمی 2024، رۆژژمێری هەڵبژاردنەکان ئاشکرا دەکەن، کە بڕیارە رۆژی 31ـی ئاداری 2024 بەڕێوەبچێت.
ئەحمەد یەنەر راشیگەیاند، لە مانگی ئەیلوولی 2023، دەستدەکەن بە سەرجەم ئامادەکارییەکانیان لە ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان و چاککردنەوەی هەر جۆرە کەموکوڕییەک و دەرخستنی زانیارییە نوێیەکان لەبارەی تۆماری دەنگدەران و سەرجەم خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان بە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان.
رۆژی 31ی ئاداری 2019، هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا کرا. بەگوێرەی ئامارەکان؛ ئاکپارتی 776، جەهەپە 263، مەهەپە 245، هەدەپە 70، ئیی پارتی 25 شارەوانییان بەدەستهێنا. لەم هەڵبژاردنەدا ئاکپارتی گەورەشارەوانییەکانی ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ئادانا و مێرسین ـی لەدەستدا و جەهەپە لێیان براوە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ