رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە سیناریۆیەک لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل ئامادەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە ''هەموو دامەزراوەکانمان لە ئەگەری دروستبوونی کاریگەرییەکانی ئەو هێرشانە لەسەر تورکیا، لەسەر هێڵن''؛ باس لەوەش دەکات کە ''ئێران مافی رەوای خۆیەتی دژی هێرشەکانی ئیسرائیل بەرگری لە خۆی بکات''.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی رەخنەی لە حکومەتی ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی بۆ سەر ''غەززە، لوبنان، سووریا و یەمەن کردوونی'' و گوتیشی، ''نەتەنیاهوو زۆر دەمێکە لە تاوانی کۆمەڵکوژیدا هیتلەری ستەمکاری تێپەڕاندووە''.
سەرۆککۆماری تورکیا پێی وابوو رۆژێک دێت کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دادگەیی دەکرێ و گوتی، ''پشتیوان بە خودا زوو یان درەنگ، بەر لەوەی بچێتە ئەو دنیا، هەر لەم دنیایەدا دەچێتە دادگەیەکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی و باجی تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی دەدات''.
ئەردۆغان گوتی، ئیسرائیل بە هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ''زەوینەی چەتەگەرێتیی خۆی فراوانتر کرد''؛ و ''لە بەرامبەردا، ئێران مافی تەواو یاسایی و رەوای خۆیەتی دژی ئەو چەتەگەری و دەوڵەتی تیرۆرە، بەرگری لە خۆی بکات''.
سەرۆککۆماری تورکیا هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە ''کردەی تیرۆریستی'' ناوبرد و گوتیشی، ''ئیسرائیل کە خۆی خاوەنی چەکی ئەتۆمییە و لەبارەی کاروچالاکییەکانی ئەتۆم هیچ رێزێک لە یاسای نێودەوڵەتی ناگرێت، چاوەڕێی تەواوبوونی دانوستاندن و ئەنجامەکانی نەکرد''.
لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل، ئەردۆغان رایگەیاند، بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک ئامادەن کە مەترسی لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروست بکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد: ''هەموو هاوڕێ و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانمان لەسەر هێڵن. هەموو ئامادەکارییەکمان بۆ هەموو جۆرە دۆخێکی نەرێنی کردووە و دەشیکەین''.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ