یەکێتیی ئەورووپا سیستمێکی نوێی ڤیزای شنگن بۆ هاووڵاتییانی تورکیا رادەگەیێنێت

18-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی ئەورووپا سیستمێکی نوێی ڤیزای قۆناخ بە قۆناخ و چەند جار چوونەژوورەوەی (مەڵتی) بۆ هاووڵاتییانی تورکیا راگەیاند، کە رێگە بە پێدانی ڤیزای ماوە درێژ دەدات تاوەکو 5 ساڵ.
 
بڕیارەکە لە رۆژی 15ی تەممووزدا دەرچووە و تێیدا هاتووە، "ژمارەی ئەو پێشکێشکارە نیازپاکانەی تورکیا کە پێشتر بە شێوەیەکی یاسایی ڤیزایان بەکارهێناوە، لە زیادبوونێکی بەردەوامدایە. ئەوانە مەترسیی کۆچ و ئەمنیی کەمتریان هەیە بەراورد بەوانەی یەکەمجار داواکاری پێشکێش دەکەن."
 
ئامانج لەم سیستمە نوێیە ئەوەیە کە کۆنسوڵخانەکانی وڵاتانی شنگن لە تورکیا بتوانن ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ ژمارەی زۆری داواکارییەکاندا بکەن و زیاتر سەرنجیان لەسەر "پشکنینی ئەو داواکارییانە بێت کە مەترسییان لێدەکرێت."
 
سیستمی نوێ چۆن کار دەکات؟
 
ڤیزای چەند جار چوونەژوورەوە (مەڵتی) بە شێوەیەکی قۆناخ بە قۆناخ و بەپێی ماوەی ڤیزای پێشوو و مێژووی داواکارییەکە دیاری دەکرێت. بەم شێوەیە:
 
• ئەوانەی لە ماوەی ساڵێکدا دوای بەسەرچوونی ڤیزای پێشوویان داواکاری پێشکێش دەکەن، ڤیزای 6 مانگیی چەند جار چوونەژوورەوە (مەڵتی) وەردەگرن.
 
• ئەوانەی لە ماوەی دوو ساڵدا دوای بەسەرچوونی ڤیزای 6 مانگیی پێشوویان داواکاری پێشکێش دەکەن، ڤیزای 1 ساڵیی چەند جار چوونەژوورەوە (مەڵتی) وەردەگرن.
 
• ئەوانەی لە ماوەی دوو ساڵدا دوای بەسەرچوونی ڤیزای یەک ساڵیی پێشوویان داواکاری پێشکێش دەکەن، ڤیزای 3 ساڵیی چەند جار چوونەژوورەوە (مەڵتی) وەردەگرن.
 
• ئەوانەی لە ماوەی دوو ساڵدا دوای بەسەرچوونی ڤیزای 3 ساڵیی پێشوویان داواکاری پێشکێش دەکەن، ڤیزای 5 ساڵیی چەند جار چوونەژوورەوە (مەڵتی) وەردەگرن.
 
یاسایەکی دیکە ئەوەیە کە نابێت ماوەی کارپێکردنی ڤیزاکە لە ماوەی کارپێکردنی پاسپۆرتەکە زیاتر بێت. ماوەی ڤیزاکە بە شێوەیەک رێکدەخرێت کە لانیکەم 3 مانگ پێش بەسەرچوونی ماوەی پاسپۆرتەکە کۆتایی بێت.
 
سیستمی نوێ کام وڵاتانە دەگرێتەوە؟
 
سیستمی نوێی ڤیزا بۆ 25 وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا کارا دەبێت، کە بریتین لە: بەلجیکا، بولگاریا، چیک، ئەڵمانیا، ئیستۆنیا، یۆنان، ئیسپانیا، فەرەنسا، کرواتیا، ئیتاڵیا، قوبرس، لاتیڤیا، لیتوانیا، لۆکسمبۆرگ، هەنگاریا، ماڵتا، هۆڵەندا، نەمسا، پۆڵەندا، پۆرتوگال، رۆمانیا، سلۆڤاکیا، سلۆڤینیا، فینلەندا و سوێد.
 
ناوچەی شنگن لە 29 وڵات پێکدێت، کە 25یان ئەندامی یەکێتیی ئەورووپان و 4یان لە دەرەوەی یەکێتییەکەن (ئایسلەندا، نەرویج، سویسرا و لیشنشتاین).
 
زیادبوونی داواکارییەکانی ڤیزا لە تورکیاوە
 
داواکارییەکانی ڤیزای شنگن لە تورکیاوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و پار گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 173 هەزار و 917 داواکاری.
 
لەم ژمارەیە، 993 هەزار و 875 داواکاری وەڵامی ئەرێنییان وەرگرتووە و 645 هەزار و 583 کەسیش ڤیزای چەند جار چوونەژوورەوە (مەڵتی)یان پێدراوە.
 
یۆنان ئەو وڵاتەیە کە هاووڵاتییانی تورکیا زۆرترین داواکاریی ڤیزای شنگنیان بۆ پێشکێش کردووە، بە 296 هەزار و 377 داواکاری. دوای یۆنانیش، ئەڵمانیا بە 215 هەزار و 506 و فەرەنسا بە 151 هەزار و 640 داواکاری دێن.
 
بەخشین لە ڤیزا
 
کێشەکانی بەردەم هاووڵاتییانی تورکیا بۆ وەرگرتنی ڤیزای شنگن هێشتا بە تەواوی چارەسەر نەکراون و پرسی بەخشینی تەواوەتی لە ڤیزا ماوەیەکی درێژە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.
 
تورکیا بۆ بەدەستهێنانی مافی چوونەژوورەوەی بێ ڤیزا بۆ ناوچەی شنگن، پێویستە 72 پێوەر جێبەجێ بکات، تاوەکو ئێستا 66ی جێبەجێ کردووە، بەڵام ماوەیەکی درێژە لەسەر 6 پێوەرەکەی کۆتایی کێشە هەیە.
 
ئەو 6 پێوەرەی ماونەتەوە بریتین لە:
 
• گۆڕانکاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
• رێککەوتنی هاوکاریی ئۆپەراسیۆنی لەگەڵ رێکخراوی پۆلیسی ئەورووپا (یۆرۆپۆڵ).
• جێبەجێکردنی پێشنیازەکانی گرووپی دەوڵەتانی دژی گەندەڵی (GRECO).
• هاوکاریکردن لەگەڵ هەموو ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا لە پرسە پەیوەندیدارەکان بە تاوانەوە.
• جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی رێککەوتنی وەرگرتنەوە (GKA).
• گونجاندنی یاساکانی تایبەت بە پاراستنی داتای کەسی لەگەڵ ستانداردەکانی ئەورووپا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە