سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و نوێنەرانی فراکسیۆنەکان پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەرییان تاوتوێ کرد

18-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی وڵاتەکەی کۆبووەوە. مژارەکەش پێکهێنانی کۆمیسیۆنێک بوو تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێک کە لە هەژماری فەرمیی تۆڕی ئێکسی پەرلەمانی تورکیادا بڵاوکراوەتەوە، کۆبوونەوەکە لە نووسینگەی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمان لە ئەنقەرە بەڕێوەچووە و تێیدا هەریەک لە عەبدولحەمید گوڵ، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی؛ موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە؛ گولستان کڵچ کۆچیگیت، بریکاری هاوسەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی؛ ئەرکان ئاکچای، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە؛ بوغرا کاڤونجو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی و بولەنت کایا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی رێگەی نوێ ئامادە بوون.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بیروڕا ئاڵوگۆڕ کرا لەبارەی شێوازی کارکردنی ئەو کۆمیسیۆنەی لە رۆژانی داهاتوودا دادەمەزرێت، "سەرۆکی پەرلەمان باسی ئەو بۆچوونانەی کرد پێشتر لەو بوارەدا لە پارتەکانی وەرگرتبوو، لەگەڵ ئەو کارانەی تاوەکو ئێستا کردوونی."
 
راگەیێندراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە، "بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنەکانیش بۆچوونی پارتەکانیان خستەڕوو. بوغرا کاڤونجو، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی ئیی پارتی رایگەیاند، پارتەکەی لە کۆمیسیۆنەکەدا بەشدار نابێت."
 
کورتوڵمووش جەختی لە بەرپرسیارێتیی پەرلەمان کردەوە لە سەرخستنی ئەو پڕۆسەیەی ئێستا هەیە.
 
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆنەکە بریتی دەبێت لە پێشکێشکردنی پێشنیاز بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، لەوانەش گەڕاندنەوەی گەریلاکان بۆ نێو کەسوکاریان لە باکووری کوردستان و تورکیا.
 
جەهەپە، دەم پارتی و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن داوای لیژنەیەکی هەمیشەیی دەکەن کە بە یاسا دابمەزرێت، نەوەک پێکهاتەیەک کە ئەرکەکانی تەنیا تەکنیکی بن.
 
لە بەرامبەردا ئاکپارتی و مەهەپە پێیانوایە دەبێت لیژنەکە تەنیا پێشنیاز پێشکێش بکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە شاری ئاگریی باکووری کوردستان. وێنە: AA/ئەرشیڤ

کەشناسیی تورکیا: پێشبینیی بارینی بەفر لە 21 پارێزگا دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە 21 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بەفر ببارێ، لەنێویاندا ئەرزەڕۆم، وان و سێواسی باکووری کوردستان