رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، بە هیواوە هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەنێن. ئاماژە بەوەش دەکات، "کاتێک بەو ئامانجە گەیشتین، پشتیوان بە خودا بەیەکەوە تورکیایەکی بەهێز و کاریگەرتر بنیات دەنێین."
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی هەینی 18ی تەممووزی 2025 لە گوتارێکیدا لە ئیستەنبووڵ رایگەیاند، بە "وریایی و هیواوە" هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری دەنێن. گوتیشی، "بەرەی نێوخۆمان بەهێز دەکەین و هەنگاوی مێژوویی بۆ پتەوکردنی یەکڕیزی و تەباییمان دەنێین."
ئەردۆغان راشیگەیاند، "کاتێک بەو ئامانجە گەیشتین، پێکەوە تورکیایەکی بەهێز و کاریگەرتر بنیاد دەنێین. پشتیوان بە خودا هیچ کەسێک ناتوانێت رێگری لە هەڵهاتنی خۆری ئاشتی لە ناوچەکەمان بکات. کەس ناتوانێت بەربەست لەبەردەم بەرقەراربوونی سەقامگیری لە جوگرافیاکەمان دابنێت."
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، بە کۆتاییهاتنی شەڕی چەند دەیەی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەردەمێکی نوێ لە وڵاتەکەی و ناوچەکە دێتەکایەوە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەممووزی 2025، لە رێوڕەسمێکدا 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە یەکێک بوو لەوان.
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ