رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) ئەو لایەنانە بە ''دروستکەری تۆمەت'' ناودەبات کە دەڵێن حکومەتی وڵاتەکەی دانوستاندنی لە بابەتی پرۆسەی چارەسەرییدا کردووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ''دەگرێتەوە'' و دەبێت پێوەی ''پابەند'' بێت.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی هەینی، 18ی تەممووزی 2025 لە پەیامێکیدا لە هەژماری پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هەنگاوی بەهێز و دروست بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نراون.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، چەکدانانی سیمبوولیی 30 گەریلاکەی پەکەکە، پرۆسەکەی بردووەتە قۆناخێکی نوێ؛ راشیگەیاند: ''لە سەت ساڵەی نوێی تورکیادا برایەتی و یەکێتیی نیشتیمانی رەگ دادەکوتێت''.
باخچەلی گوتی، هیچ دانوستاندنێک لە پرۆسەکەدا نەکراوە؛ هاوکات، هەموو ئەو لایەن و بەرپرسانەی وڵاتەکەشی بە ''دروستکەری تۆمەت'' ناوبرد کە دەڵێن، حکومەتی تورکیا دانوستاندنی کردووە.
سەرۆکی مەهەپە ئەو بانگەشانەی بە ''چەواشەکارییەکی نامرۆڤانە'' ناوبرد کە باس لەوە دەکەن، پەکەکە لە بەرامبەر بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری، ''دەستکەوتی نوێی بەدەستهێناوە''.
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی راشیگەیاند، بۆ ئەوەی لە قۆناخێکی وەها ''هەستیار''دا بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری دروست نەکرێت، پێویستە ''هەموو'' گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن.
باخچەلی جەختی لە گرنگیی برایەتیی کورد و تورک کردەوە و گوتی: ''تاوەکو کۆتایی رووبەڕووی هەموو ئەوانە دەوەستینەوە کە قومار لەسەر تێکدانی برایەتیی کورد و تورک دەکەن''.
سەبارەت بە رۆژئاوای کوردستان، سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، پێویستە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ''پابەندی'' بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بێت کە 27 ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی لە پارتەکەی کرد؛ گوتیشی: ''ئەمەش لە بەرژەوەندیی خۆیدا دەبێت''.
سەرۆکی مەهەپە بەشێکی قسەکانی تایبەت کردن بە دوایین پێشهاتەکانی سووریا. باخچەلی رەخنەی لە ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا بۆ سەر سووریا ئەنجامیدان و گوتی، ئەو هێرشانە بەربەست بۆ پرۆسەی چارەسەری و سەقامگیریی ئاسایشی ناوچەکە دروست دەکەن.
باخچەلی هەر لەبارەی هێرشەکان ئیسرائیل بۆ سەر سووریا رایگەیاند: ''دیارە کە ئیسرائیل دەیەوێت لە رێگەی ئەو ناوچەیەی ناوی لێناوە "رێڕەوی داود" بگاتە کوێ. ئەو رێڕەوەی بڕیارە لە سوەیداوە بەرەو باکوور بکرێتەوە، رێڕەوی شەیتانە؛ دابەشبوونی سووریایە؛ بە ئامانجگرتنی تورکیایە''.
سەرۆکی مەهەپە گوتیشی، دەبێت هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا بوەستێندرێن؛ داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لەمبارەیەوە هەڵوێستی هەبێت.
لە 13ـی تەمووزەوە پێکدادان لە پارێزگاى سوەیداى باشوورى سووریا دەستیپێکردووە و زیاتر لە 500 کەس لە هەردوولا کوژراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ