رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە کۆدەبێتەوە. لیژنەکە گوێ لە دایکانی ئاشتی، دایکانی شەممە، دایکانی ئامەد و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەگرێت.
بڕیارە لیژنەکە کاژێر 14:00ی رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (19 و 20ـی ئاب) لە هۆڵی رێوڕەسمەکانی پەرلەمانی تورکیا کۆببێتەوە و گوێ لە داواکاری و سەرنجەکان بگرێت.
سبەی سێشەممە 19ـی ئاب، ماهینوور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و سیاسەتە کۆمەڵایەتییەکانی تورکیا لە لیژنەکەدا گوتەیەک پێشکێش دەکات. دواتر، نوێنەرانی ژمارەیەک کۆمەڵە و دامەزراوە قسە دەکەن. پاشان، لیژنەکە گوێ لە دایکانی ئامەد دەگرێت.
رۆژی چوارشەممە، 20ـی ئاب، لیژنەکە لەگەڵ دایکانی شەممە و دایکانی ئاشتی کۆدەبێتەوە. دواتریش نوێنەرانی هەریەک لە دامەزراوەی ماف و ئازادییەکان و یارمەتییە مرۆییەکان، کۆمەڵەی مافی مرۆڤ، کۆمەڵەی هاودەنگی بۆ مافی مرۆڤ و ستەملێکراوان و دامەزراوەی مافی مرۆڤی تاهیر ئەڵچی بەشدار دەبن و بۆچوونەکانیان دەخەنەڕوو.
دایکانی ئاشتی بریتییە لە زاراوەیەک بۆ دایکانی گەریلاکان و لە ساڵی 1999 وەکو دەستپێشخەرییەک بۆ راگرتنی شەڕ دامەزرا.
دایکانی شەممە لە 1996ـەوە رۆژانی شەممە لە گۆڕەپانی گەڵەتەسەڕای ئیستەنبووڵ کۆدەبنەوە و دایکی ئەو کەسە بێسەروشوێنانەن لە رووداوەکانی بکوژی نادیاردا رۆڵەکانیان لەدەستداوە.
دایکانی ئامەد لە 2019وە لەبەردەم بارەگای هەدەپە لە ئامەد کۆدەبنەوە و دایکی ئەو گەریلایانەن دەڵێن، پەکەکە رۆڵەکانی رفاندوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ