رووداو دیجیتاڵ
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، پێویستە هەموو باڵ و گرووپەکانی پەکەکە کە لە جوگرافیا جیاوازەکان و بە ناوی جیاوازەوە چالاکن، بەبێ مەرج و بەپێی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە، چەکەکانیان دابنێن و کۆتایی بە چالاکییەکانیان بهێنن.
گوتیشی: "هیچ کاتێک رێگە نادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی، بەتایبەتی پەکەکە/یەپەگە/هەسەدە، لە ناوچەکەدا جێگیر بن و بە ناوی جیاوازەوە چالاکی بکەن."
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18ـی ئەیلوولی 2025، یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لە شاری بایبورتی تورکیا بەشداریی لە رێوڕەسمی کردنەوەی هۆڵێکی وەرزشیدا کرد و لە گوتارێکدا باسی لە پرۆسەی چارەسەری کرد.
گولەر، تیشکی خستە سەر گرنگیی تورکیایەکی بەهێز و رایگەیاند: "لە دووەم سەدەی تەمەنی کۆمارەکەماندا، کە بە ئامانجی سەدەی تورکیا دەستمان پێکردووە، پێکەوە بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی بایبورت لە هەموو بوارێکدا ببێتە شارێکی بەهێزتر." یاشار گولەر ئاماژەی بەوەشکرد کە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەبێتە یەکێک لە قۆناخە هەرە گرنگەکانی ئەم ئامانجە.
وەزیری بەرگریی تورکیا، باسی لە زیانەکانی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ پەکەکە کرد و گوتی: "گەورەترین خواستی ئێمە ئەوەیە کۆتایی بە بەڵای تیرۆر بهێنین، کە ساڵانێکە وزە و سەرچاوەکانمانی بەفیڕۆداوە. شارەکانمان پێشبخەین، وڵاتەکەمان بگەیێنینە ئارامی و خۆشگوزەرانی و تورکیایەکی زۆر بەهێزتر رادەستی گەنجەکانمان بکەین."
گولەر رایگەیاند، پێویستە پەکەکە و هەموو گرووپەکانی سەر بەو پارتە لە چوارچێوەی بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەدا، کۆتایی بە هەموو چالاکییەکانیان بهێنن و گوتی: "پێویستە هەموو گرووپەکانی رێکخراوەکە، لە سەروویانەوە سووریا، کە بە ناوی جیاواز و لە جوگرافیای جیاوازدا چالاکن، دەستبەجێ و بەبێ هیچ مەرجێک چەکەکانیان رادەست بکەن."
یاشار گولەر، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "جارێکی دیکە دەمەوێت بیریبهێنمەوە کە ئێمە هیچ کاتێک رێگە نادەین هیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی، بەتایبەتی پەکەکە/یەپەگە/هەسەدە، لە ناوچەکەدا جێگیر بن و بە ناوی جیاوازەوە چالاکی بکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ