رووداو دیجیتاڵ
هاوژینی هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە رەتیدەکاتەوە بچێتە ناو سیاسەت و دەڵێت، تەنیا پشتیوانی لە هەدەپە دەکات و ئامادە نییە وەکو سیاسەتڤان کار بکات.
چەند رۆژێکە لە بەشێکی میدیاکانی تورکیادا دەنگۆی بەربژێربوونی باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ بڵاوکراوەتەوە، تەنانەت باس لەوە کراوە کە باشاک دەمیرتاش لە بازنەی ئامەد دەکرێتە بەربژێر بۆئەوەی ببێتە پەرلەمانتاری هەدەپە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی کانوونی دووەمی 2023، باشاک دەمیرتاش لە هەژماری خۆی لە تویتەر کۆتایی بەو دەنگۆیانە هێنا و رایگەیاند، ناچێتە ناو سیاسەت و تەنیا پاڵپشتی لە هەدەپە و "هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی" دەکات.
لە تویتەکەیدا باشاک دەمیرتاش نووسیویەتی، "ناوە ناوە رۆژنامەڤانان لەبارەی دەنگۆی چوونم بۆ نێو سیاسەت، پرسیارم لێدەکەن. دەمەوێت لەمبارەیەوە بە روونی بڵێم کە بە هیچ شێوەیەک بیرناکەمەوە بەشداریی کارا لە سیاسەت بکەم. بۆ سەرخستنی هەدەپە و هاوپەیمانیی رەنج و ئازادی ئەوەی لە توانامدا بێت لە پاڵپشتی و چالاکی دەیکەم."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ