رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا دەڵێت، بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوی رۆژئاوای وڵاتەکە لە دەریای ئیجە ژێرئاوکەوت، شەش کۆچبەر خنکاون و 27ـیشیان لەلایەن پاسەوانی کەناراوەکانەوە رزگارکراون.
بەگوێرەی راگەیێنراوەکەی ئەمڕۆ (چوارشەممە، 19-02-2025)ـی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، رووداوەکە پێش خۆرهەڵاتن لە باشووری شاری ئیزمیر کە دەکەوێتە رۆژئاوای تورکیا و 15 کیلۆمەتر لە دوورگەی (سامۆس)ـی یۆنانە، روویداوە.
عەلی یەرلیکەیا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە ئێکس نووسی، "تەرمی 6 کۆچبەری نایاسایی لەئاو دەرهێنران. 27 کۆچبەریش رزگارکراون، یەکێکیان بە تۆمەتی قاچاخچییەتی دەستبەسەرکراوە."
مانگی رابردوو حەوت کۆچبەر لەهەمان ناوچە دا گیانیان لەدەستدا.
رووداوەکانی تێکشکان و ژێرئاوکەوتنی بەلەم لەو ئاوەی نێوان تورکیا و یۆنان، کە هەرچەندە نێوانیان کەمە، باون.
هەریەک لە دوورگەکانی سامۆس، رۆدس و لێسبۆس بە خاڵی چوونە ژوورەوەی کۆچبەران بۆ یەکێتیی ئەورووپا هەژمار دەکرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) ساڵی رابردوو، دوو هەزار و 333 کۆچبەر لە دەریای سپیی نێوەڕاست بێسەروشوێن بوون یان گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ