دەم پارتی: ئەم هەفتەیە رۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا دیاری دەکەین

19-04-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی دەڵێت، رۆژی دووشەممە، رۆژێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا دیاری دەکەن. 
 
سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رۆژی شەممە، 19ـی نیسانی 2025، لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا رایگەیاند، رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە رۆژێک بۆ کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا دیاری دەکەن.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و وەزیری دادی تورکیا بڕیار بوو دوێنێ هەینی کۆببنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی شەوی سێشەممە 15ـی نیسان، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندەکە تەندروستی تێکچوو و گەیێندرایە نەخۆشخانە، کۆبوونەوەکە دواخرا.
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، پزیشکانی ئەو نەخۆشخانەیەی سری سورەییای تێدایە گوتوویانە، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە. بە گوتەی ئەو پزیشکانە، هێشتا مەترسی لەسەر ژیانی سری سورەییا هەیە.
 
دوایین کۆبوونەوەی شاندەکە، کە لە سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمان و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێکهاتبوون، رۆژی 10ـی نیسانی 2025 لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە بوو بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی چارەسەری.
 
شاندەکە تاوەکو ئێستا سێ جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە گرتووخانەی ئیمرالی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لە لای راستەوە: تونجەر باکرهان، ئۆزگور ئۆزەل، ئەحمەد داودئۆغڵو، ئەردۆغان.

'کێ جەللادی کوردە؟' ئاکپارتی لاپەڕەی کۆن و جەهەپە لاپەڕەی نوێ هەڵدەداتەوە

"کێ جەللادی کوردە؟" ئەو دەستەواژەیە رۆژەڤی تورکیای بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، دەسەڵات، ئۆپۆزیسیۆن بە "جەللادەکە" دەزانێت و ئۆپۆزیسیۆنیش، دەسەڵات بە کوشتنی کوردان تۆمەتبار دەکات.