وەزیری وزەی تورکیا: دەمانەوێت گرێبەستی کڕینی گازی ئێران نوێبکەینەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد رەحمان @Muhamma98676674
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند، وڵاتەکەی خوازیارە گرێبەستی کڕینی گازی سرووشتی لەگەڵ ئێران نوێ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوچەکە و شەڕی غەززەوە، تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان دەستیان پێنەکردووە. 

ئاڵپئارسڵان بایراکتار، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، "تاوەکو ئێستا هیچ دانوستاندنێک نییە، بەڵام لەوانەیە لە داهاتوودا دابنیشین و تاووتوێی درێژکردنەوەی گرێبەستەکە بکەین." 
 
بایراکتار جەختی لەوە کردەوە کە ئەنقەرە دەیەوێت بەردەوامی بە هاوردەکردنی گازی ئێران بدات بۆ دابینکردنی پێویستیی ناوخۆ، بەڵام گوتیشی، "گرێبەستی نێوان تورکیا و ئێران لە چەند مانگی داهاتوودا بەسەردەچێت، بەڵام بەهۆی هەلومەرجی ئێستای ناوچەکە، هێشتا دەستمان بە گفتوگۆ نەکردووە." 
 
رێککەوتنەکە مانگی تەمموزی ئەم ساڵ بەسەردەچێت.
 
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر بازاڕی وزە، وەزیری وزەی تورکیا دڵنیایی دا کە وڵاتەکەی لە مەودای کورتخایەن یان مامناوەنددا رووبەڕووی هیچ مەترسییەکی کەمیی وزە نابێتەوە، تەنانەت ئەگەر تەنگەی هورمزیش بە داخراوی بمێنێتەوە، بەڵام نیگەرانی خۆی لە بەرزبوونەوەی نرخەکان دەربڕی. 
 
وەزیری وزەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەوەی لە هورمز روودەدات، پێمان دەڵێت کە فرەچەشنکردنی بۆ ئاسایشی وزەی وڵات چەندە گرنگە. ئەمە تەنیا ئەرکی تورکیا نییە، بەڵکو پێویستی بە هەوڵێکی بەکۆمەڵ هەیە." 
 
رێککەوتنی هەناردەی گازی سرووشتیی نێوان ئێران و تورکیا لە ساڵی 1996 واژۆکرا و لە ساڵی 2001 دەست بە هەناردەی گاز بۆ تورکیا کرا.
 
بەپێی رێککەوتنەکە، ئێران ساڵانە 9.6 ملیار مەتر سێجا گاز بۆ تورکیا هەناردە دەکات، بەڵام زۆرجار لەو بڕە کەمتری هەناردە کردووە.
 
پار ئێران 7.6 ملیار مەتر سێجا گازی بۆ تورکیا هەناردە کردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە