رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە چیای گابار لە شرنەخی باکووری کوردستانەوە هیوای خواست لە داهاتوویەکی نزیکدا بەبێ هیچ کێشە و بەربەستێک "تورکیایەکی بێ تیرۆر" بەدەست بێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 19ی ئایاری 2025 نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتار، چوونە چیای گابار لە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان.
نوعمان کورتولموش رایگەیاند، "بە ئۆتۆمبێل هاتووینەتە چیای گابار، ئەوە لە کاتێکدایە چەند ساڵێک پێش ئێستا مین و هێرشی تیرۆریستان رێگربوون سەردانی ئێرە بکەین." گوتیشی، "لە قەدپاڵی ئەم چیایەدا مەرگ، ترس، دڵەڕاوکێ و خوێن زاڵ بوو. ئێستا ئێرە بووەتە جێگەی ئومێدی 85 ملیۆن کەس بۆ خەونی تورکیایەکی یەکگرتوو؛ تورکیایەکی بێ تیرۆر و تورکیایەکی بەهێز."
کورتولموش گوتی، "ئەمڕۆ ئێرە بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی وزە بۆ تورکیا. چیدیکە ئێرە و شاخەکانی دیکە نابنە سەرچاوەی تیرۆر و خوێنڕشتن و ماڵوێرانی. لەمەودوا ئێرە دەبێتە سەرچاوەی برایەتی و تەبایی."
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، "چیدیکە گەنجەکانمان ناچنە شاخ؛ چیدیکە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانمان بە دەستی تیرۆر شەهید نابن. پێکەوە برایەتی و تەبایی دادەمەزرێنین. ئێرە و هەموو ئەو شوێنانەی سەرچاوەی سرووشتیی تێیاندا بەرهەم دەهێندرێت، دەبنە سەرچاوەی خۆشگوزەرانی بۆ هەمووان."
کورتولموش باسی لەوە کرد، "پرۆسەکە لەژێر بنمیچی پەرلەمان درێژەی پێ دەدرێت. هیوادارین لە داهاتوویەکی نزیکدا بەبێ هیچ کێشە و بەربەست بگەینە ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر."
دواتر ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا گوتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند، "ساڵی 2021 لە چیای گابار نەوتی خاومان دۆزییەوە و ئەمڕۆ رۆژانە 81 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێندرێت کە 8٪ی کۆی پێداویستییەکانی نەوتی تورکیا دابین دەکات."
ئاڵپئارسڵان بایراکتار راشیگەیاند، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی کێڵگە و بیری نەوتی نوێ و بۆ ئەم مەبەستەش سێ هەزار و 200 کارمەند کار دەکەن. بۆ ئاسانی هاتووچۆش 680کم رێگەوبانیان دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ