رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.6 پلەی رێختەر، سنوورە ئاوییەکانی دەریای ئیجە لە تورکیا تۆمار کرا.
سهرۆكایهتیی بەڕێوەبردنی كارهسات و باری لهناكاو (ئافاد) رایگەیاند، کاژێر 03:23 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 19ـی ئایاری 2025، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.6 پلەی رێختەر، لە دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی نزیک پارێزگای چاناککالە-ی تورکیا روویدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی ئافاد، بوومەلەرزەکە بە قووڵایی 7.0 کم تۆمار کرا.
دوێنێ 18ـی مانگ، لە دەریای ئیجە چوار بوومەلەرزەی دیکە بە گوڕەکانی نێوان 4.1 و 4.2 و 4.4 روویانداوە.
ئافاد دەشڵێت، لە مانگی نیسانی ئەم ساڵدا نزیکەی 340 بوومەلەرزە و پاشلەرزە بە پلەکانی 3.9-5.2 روویاندا. بوومەلەرزە و پاشلەرزەکانی دەریای ئیجە لە سنوورە ئاوییەکانی تورکیا لە نێوان پارێزگاکانی چاناککالە، ئیزمیر، ئایدن و موغڵا تۆمارکراون. هەمان کاریگەرییان لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنانیش تۆمارکردووە.
کاژێر 04:17 خولەکی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوباتی 2023 بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 7.7 پلەی رێختەر کە چەقەکەی مەرەش بوو 11 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند. 14 ملیۆن هاووڵاتیی راستەوخۆ کەوتنە ژێر کاریگەری بوومەلەرزەکان.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 53 هەزار و 537 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا لە ئەنجامی ئەو بوومەلەرزە گیانیان لەدەستدا و 107 هەزار 213 کەسی دیکە برینداربوون.
بوومەلەرزەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 5 هەزار کەسیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا و ژمارەیەکی بەرچاو لەوانیش لە هەرێمی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ