رووداو دیجیتاڵ
حەوت پارت و کۆمەڵە و فیدراسیۆنی باکووری کوردستان و تورکیا بە رابەرایەتیی هەدەپە داواکاریی لە بابەتی کۆچدا دەخەنەڕوو.
پارتی دیموکراتی گەلان - هەدەپە - لەگەڵ شەش پارتی سیاسیی تورکیا هاوپەیمانیی [دیموکراسی]ـی پێکهێناوە کە بریتین لە پارتی کرێکارانی تورکیا، پارتی ئەمەک، پارتی ئازادیی کۆمەڵگە، پارتی بزووتنەوەی ئەمەکچی و ئەنجوومەنی سۆسیالیست مێزێکی حەوت لایەنییان پێکهێناوە و بابەتی کۆچ تاوتوێدەکەن.
ئەم هەنگاوەی هەدەپە و شەش پارت و کۆمەڵەکە لە کاتێکدایە، بابەتی کۆچ لە تورکیادا لایەنەکانی بەسەر دوو بەرەدا دابەشکردووە. ئاکپارتی و هاوپەیمانانی لەگەڵ ئەوەدان تورکیا پێشوازی لەو کۆچبەرانە بکات و تەنیا لەسەر ئارەزووی کۆچبەران خۆیان بگەڕێنەوە. بەشێک لەو پارتانەش کە زیاتر ئۆپۆزسیۆنن رەخنە لە حکومەت دەگرن بەوەی دەرگای واڵاکردووە بۆ کۆچبەرانی سووریا و ئەفغانستان و بەمەش گوشاری زیاتری لەسەر خەڵک دروستکردووە.
هەدەپە و هاوپەیمانانی داواکارییەکی حەوت خاڵییان بەرزکردەوە و تێیدا هاتووە:
1- بابەتی کۆچ بە تێگەیشتنێکی سەربازیانە چارەسەر ناکرێت و نابێت ئەمە رادەستی هەوەسی وەزیری ناوخۆ بکرێت. پێویستە مافەکانی پەنابەران لە رەهەندی نێودەوڵەتییەوە پێناسە بکرێتەوە، بە بەڵێننامەی 1951ـی جنێڤی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە. پرۆسەی گەڕاندنەوەش پێویستە لەڕێی ئۆفیسی کۆچ و کۆچبەرانەوە بێت، نەوەک رێکاری نایاسایی و هەنگاونان بە هەوەسی کەسێک.
2- لەکاتێکدا تورکیا لە ساڵانی پێشوودا وڵاتی دووەم بوو بۆ کۆچبەران، دوای واژۆکردنی پەسندی کۆچبەران لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا، بە ناچاری بووەتە شوێنی نشینگە بۆ کۆچبەران. پێویستە چی زووە بەڵێننامەی قەبووڵکردنی کۆچبەران هەڵبوەشێتەوە.
3- مێژووی شەڕەنێوخۆییەکان نیشانیدەدەن، گەڕانەوە لانیکەم دوای 15-20 ساڵ دەستپێدەکات. گەڕاندنەوەی کۆچبەران بۆ ئەو شوێنانەی شەڕیان تێدایە، تاوانە. هەروەها پڕوپاگەندەکانی وەکو [لە ساڵێکدا دەیاننێرینەوە] و [بە دەهۆڵ و زوڕنا دەیاننێرینەوە] بێهودەن. بەڵکو ئەو گەڕانەوەیە پەیوەستە بە وەستانی شەڕ، راگەیاندنی ئاشتیی هەمیشەیی و رەخسانی زەمینەیەکی دیموکراسییانە.
4- لە تورکیادا بە کۆچبەر و پەنابەرەوە، پێویستە کارکردنی نایاسایی و بێ بیمە کۆتایی پێبهێنرێت. لە تورکیادا دوو ملیۆن کۆچبەر و پەنابەر کە زۆربەیان منداڵن، لە هەلومەرجیکی سەختدا کاریان پێدەکرێت و دەچەوسێنرێنەوە.
5- لە تورکیادا بەشێک لە ژنان و منداڵانی کۆچبەران و پەنابەران رووبەڕووی تووندوتیژی و دەستدرێژیی سێکسی دەبنەوە. پێویستە ئەوان لە چوارچێوەی بەڵێننامەی ئیستەنبووڵ بپارێزرێن.
6- لەبەرئەوەی شارەوانییەکان بەگوێرەی ژمارەی هاووڵاتیی بودجەیان پێدەدرێت، ئەو شارەوانییانەی ژمارەیەکی زۆر پەنابەر لە سنوورەکانیاندا نیشتەجێن، لەڕووی خەرجییەوە تووشی سەختی بوونەتەوە. ئەمە بە وەدەرنانی پەنابەران چارەسەر ناکرێت. بۆیە داوادەکەین یاسای شارەوانییەکان هەمواربکرێتەوە و پەنابەران و کۆچبەرانیش هەمان مافی هاوشارییەکانیان پێبدرێت.
7- ئەکەپە و مەهەپە پێویستە وازبهێنن لە بەکارهێنانی تورکیا وەک سەنگەری دواوە بۆ چەتە جیهادییەکان. پێویستە رێکارێک بدۆزنەوە و لەڕێیەوە ئەو کەسانە رادەستی دادگە نێودەوڵەتییەکانی بکەنەوە کە تاوانی مرۆییان ئەنجامداوە. پێویستە سزای قورس بۆ قاچاخچییان کۆچبەران هەبێت و ئەو باڵە درێژکراوانەش ببڕدرێت کە لەنێو حکومەتەوە ئەم کارە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ