رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی دەم پارتی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چارەسەری لە تورکیا رایگەیاند، هیچ ئاستەنگ و قەیرانێک لەئارادا نییە و کاتی ئەوەیە سەرۆکی پەرلەمان دەستپێشخەری بکات.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی حوزەیرانی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بارەگای سەرەکیی پارتەکە لە ئەنقەرە، کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی رێکخست. هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان کرد.
ئایشەگوڵ دۆغان رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری، ئێستا بە ریتمی سرووشتیی خۆی بەڕێوەدەچێت و هیچ ئاستەنگ و قەیرانێک لەئارادا نییە. سستیی هەنگاوە کردەییەکان وایکردووە، رای گشتی هەست بەوە بکات ئاستەنگ یان قەیرانێک هەیە، بەڵام لەڕاستیدا پرۆسەکە وەکو لە سەرەتاشدا ئاماژەیان پێداوە، درێژخایەن دەبێت.
دۆغان باسی لە رۆڵی پەرلەمان کرد و گوتی، "پێویستە سەرۆکی پەرلەمان دەستپێشخەرییەک بکات. لەڕێی ئەم دەستپێشخەرییەوە دەتوانێت بەرپرسانی پارتەکان، سەرۆکەکان یان بەرپرسانی پەیوەندیدار کۆبکاتەوە، سەبارەت بە بنەما و شێوازی کارکردنی کۆمیسیۆنەکە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات و ئەنجامەکەشی بە رای گشتی بگەیێنێت."
گوتەبێژی دەم پارتی ستایشی هەڵوێستی سەرۆکی پەرلەمانی کرد، بە بنیاتنەر ناوی برد و گوتی، "پێویستە لە قسە تێپەڕین و بچینە بواری کردارەوە. راستە، پێویستیمان بە لێدوانی نیازپاکی و بیستنی شتی ئەرێنی هەیە، بەڵام تەنیا گوتنەوەی شتی نوێ بەس نییە، بەڵکو پێویستە کاری نوێش بکرێت، چونکە کۆمەڵگە پێویستی بە بەڵگەی کردارییە بۆ پشتگیریکردنی گوتارەکان."
لە درێژەی قسەکانیدا ئایشەگوڵ گوتی، "کۆمەڵگە پێویستی بەوەیە بواری دیموکراسی فراوانتر بێت و هەنگاوی ئەرێنی بنرێت. ئەرکی ئێمەی سیاسەتڤانانیش ئەوەیە بۆ ئەم ئامانجە تێبکۆشین و هەنگاوەکان بخەینەڕوو. پێویستە بەڕێز کورتوڵموش هەرچی زووە ئەو کارانەی پێویستن ئەنجامیان بدات. بەرپرسان کۆبکاتەوە و لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا راوێژ بکات. هەموو پێشنیازەکانی ئێمە سەبارەت بە شێواز و بنەماکانی کاری کۆمیسیۆن ئامادەن و رەشنووسەکەشمان لەمبارەیەوە ئامادە کردووە."
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ