رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی زافەر کە بە هەڵوێستە تووندەکانی دژی کورد و پەناخوازە سووریاییەکان ناسراوە، بەرگری لە مافی سەڵاحەدین دەمیرتاش دەکات و دەڵێت، دەبێت وەکو هەر هاووڵاتییەکی تورکیا مافی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانەی هەبێت. ئۆزداغ رەخنە لە دواکەوتنی نووسینەوەی هۆکارەکانی سزاکەی دەمیرتاش دەگرێت و بە "پرسی شکۆی دەوڵەت" ناوی دەبات.
ئومیت ئۆزداغ، سەرۆکی پارتی زافەر کە رۆژی 21ی کانوونی دووەم بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ رق و کینە و دژایەتیکردنی دەوڵەت" دەستبەسەر کرا و دواتر سزای دوو ساڵ و چوار مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا؛ دوای ئازادکردنی لە هەڤپەیڤینێکدا باسی لە رۆژەڤی سیاسیی تورکیا کرد.
ئۆزداغ، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، جەختی لەسەر بنەمای دادپەروەری کردەوە و رایگەیاند، "لەڕووی سیاسییەوە رووبەڕووی هزر و بیرکردنەوەی دەمیرتاش بوومەتەوە و تاوەکو کۆتاییش بەردەوام دەبم لەم خەباتەم؛ بەڵام وەکو هاووڵاتییەکی کۆماری تورکیا، باوەڕم وایە دەبێت ئەویش هەمان ئەو مافانەی هەبێت کە من هەمە. پێویستە یاسا بۆ هەمووان وەکو یەک جێبەجێ بکرێت."
ئۆزداغ بە تووندی رەخنەی لەوە گرت کە زیاتر لە ساڵێکە هۆکاری بڕیاری سزادانی سەلاحەدین دەمیرتاش نەنووسراوەتەوە.
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم دواکەوتنە تەنیا پێشێلکردنی مافێکی تاکەکەسی نییە و گوتی، "ئەمە تەنیا پێشێلکردنی مافی ئەو نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا کێشەیەکە پەیوەندیی بە شکۆی خودی دەوڵەتی تورکیاوە هەیە."
16ی ئایاری 2024، دوای 84 دانیشتنی پرۆسەی دادگەییکردن لە دۆسیەی رووداوەکانی کۆبانێ، دەستەی دادوەرانی 22ـەمین دادگەی سزا قورسەکانی سینجان لە ئەنقەرە، سەلاحەدین دەمیرتاشی بە 42 ساڵ زیندانیکردنی سزادا.
دەمیرتاش لە رۆژی 4ی کانوونی یەکەمی 2016وە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی ئەدیرنە، زیندانییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ