ئومیت ئۆزداغ داوا لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەکات بایکۆتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان بۆ پرۆسەی چارەسەری بکەن

19-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی زەفەر دەڵێ، لە پەرلەمانی تورکیا کۆمسیۆنێک "لە چوارچێوەی پرۆسەی دانوستاندن لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە" پێکدەهێندرێت و دەڵێت، "پارتی زەفەر پێیوایە پێویستە هیچ پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن، بە جەهەپەشەوە، بەشداریی لەو کۆمسیۆنە نەکات و بایکۆتی بکەن." 
 
ئەمڕۆ شەممە 19ـی تەممووزی 2025، ئومیت ئۆزداغ، لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، هۆشداریی لەبارەی ئەو کۆمسیۆنە دا کە بڕیارە لە پەرلەمانی تورکیا دابمەزرێت و رایگەیاند، نابێت پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری تێدا بکەن و داوای بایکۆتکردنی دەکات. 
 
رۆژی 18ـی تەممووزی 2025، نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆبووەوە. ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو بۆ پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری.  
 
سەرۆکی پارتی زەفەر چوار هۆکاری بۆ بایکۆتکردنی کۆمسیۆنەکە خستووەتەڕوو:
 
1. ئەم کۆمسیۆنە شەرعییەت بە پرۆسەی دانوستاندنی ئێستا دەبەخشێت کە لەنێوان ئاکپارتی، مەهەپە، دەم پارتی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە دەستیپێکردووە.
 
2. دەبێتە هۆی ئەوەی پەرلەمانی تورکیا کە شەڕی سەربەخۆیی کردووە و دەوڵەتی دامەزراندووە، ئۆجەلان و پەکەکە وەک لایەنی بەرامبەر بناسێت.
 
3. ئەم کۆمسیۆنە دەبێتە لیژنەی وەڵامدانەوەی داواکارییەکانی پەکەکە و جێبەجێکردنیان لە رێگەی شەرعیەتدان پێیانەوە.
 
4. ئەم کۆمسیۆنە نەک هەر وەڵامی داواکارییەکانی پەکەکە دەداتەوە و شەرعییەتیان پێدەبەخشێت، بەڵکو ئەرکی دەرکردنی لێبووردنی گشتی و ئازادیی کاری سیاسی بۆ پەکەکە لە ئەستۆ دەگرێت. هەروەها لە رێگەی دەستوورێکی نوێوە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی-یەکگرتوو جێبەجێ دەکات. واتە ئەو پەرلەمانەی لە 23ـی نیسانی 1920 دەوڵەتی دامەزراند، ئێستا ئەو دەوڵەتە هەڵدەوەشێنێتەوە.
 
ئۆزداغ لە کۆتایی پەیامەکەیدا دەڵێت: "لەبەر ئەم چوار هۆکارە سەرەکییە، نابێت هیچ پارتێکی ئۆپۆزیسیۆن لە کۆمسیۆنەکەدا بەشدار بێت و ببێتە هاوبەشی تاوانی هەڵوەشاندنەوەی کۆماری تورکیا."
 
سەرۆکی پارتی زەفەر هەروەها پلانی حزبەکەی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "وەک پارتی زەفەر، بەشداریی لەم کۆمسیۆنە ناکەین. لەگەڵ ئەو هێزە سیاسییە نیشتمانییانەی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن، ئەو کێشە گەورانەی ئەم پرۆسەیە بۆ تورکیای دێنێت، شار بە شار و گوند بە گوند دەگەڕێین و لە رێگەی کۆبوونەوەی جەماوەری، گردبوونەوە و کۆنفرانس و پانێڵەوە بۆ خەڵکی روون دەکەینەوە. لە سۆشیاڵ میدیا و تەلەڤیزیۆنەکانەوە، ئەو کارەساتانە روون دەکەینەوە کە دانوستاندن لەگەڵ پەکەکە بەسەر وڵاتماندا دەیهێنێت."
 
یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆمیسیۆنەکە بریتی دەبێت لە پێشکێشکردنی پێشنیاز بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا، تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری، لەوانەش گەڕاندنەوەی گەریلاکان بۆ نێو کەسوکاریان لە باکووری کوردستان و تورکیا.
 
جەهەپە، دەم پارتی و پارتەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن داوای کۆمسیۆنێکی هەمیشەیی دەکەن کە بە یاسا دابمەزرێت، نەوەک پێکهاتەیەک کە ئەرکەکانی تەنیا تەکنیکی بن. لە بەرامبەردا ئاکپارتی و مەهەپە پێیانوایە دەبێت کۆمسیۆنەکە تەنیا پێشنیاز پێشکێش بکات.
 
پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن، بەتایبەت دەم پارتی، رەخنە لە ناوی "تورکیایەکی بێ تیرۆر" دەگرن و ناوی "ئاشتی و دیموکراسی"یان پێشنیاز کردبوو. باس لەوەش دەکرێت کە بەرەی دەسەڵات دژی بەکارهێنانی وشەی "ئاشتی" بووە لە ناوی کۆمسیۆنەکەدا بە بیانووی ئەوەی "لە دۆخی شەڕدا نین."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو