رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا وەڵامی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەداتەوە و دەڵێت، نەوەک تاشەبەردە داواکراوەکە، بەڵکو "بەردێکی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین."
ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلوولی 2025 رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پێنجەمین فێستیڤاڵی فڕۆکەوانی، بۆشایی ئاسمان و تەکنەلۆژیا لە ئیستەنبووڵ قسەی کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند، "لەپشت قسە پڕوپووچەکانی چەند رۆژی رابردووی بازرگانانی خوێنەوە سەبارەت بە ئێمە و قودس، ئەو راستییە هەیە کە خۆیان دەیزانن. تورکیا بەم هێزە رۆژ لەدوای رۆژ زیادبووەی، هیوا بە ستەملێکراوان دەبەخشێ و ترس دەخاتە دڵی ستەمکاران. لە دوو رۆژی رابردوودا یەکێکیان دەرکەوت (نەتانیاهوو)، لەبەرئەوەی تاشەبەردی نووسراوی سلوانمان پێنەدابوو کە ئەمانەتی باوباپیرانمانە، رق و کینەی خۆی بەسەردا رشتین."
ئەردۆغان گوتی، "ئەو کەسە بە دەربڕینی دەستەواژەی نابەجێ سەبارەت بە یەکەم قیبلەمان کە قودسی شەریفە، دەیەوێ شتێک بکات. بێگومان ئێمە دەزانین هەوڵی چی دەدەن. بەو تاوانبارانە دەڵێم کە خوێنی 65 هەزار ستەملێکراوی غەززەیان لە ئەستۆدایە، قودس شکۆی هەموو مرۆڤایەتی و موسوڵمانانە."
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد، بەرگریکردن لە قودس - ئورشەلیم بەرگریکردنە لە ئاشتی و بەها هاوبەشەکانی مرۆڤایەتی، "هەر هێرشێک بۆ سەر قودس، رووبەڕووی ئەو گیانفیدایانە دەبێتەوە کە عاشقی ئەو خاکە پیرۆزە و ئەو شارە ستایشکراوەن. دەرکەوتووە (نەتانیاهوو) بێ شەرمانە بەدوای تاشەبەردی نووسراودا دەگەڕێت و دەڵێم، نەوەک هەر ئەو تاشەبەردە، بەڵکو یەک بەردی بچووکی قودسی شەریفتان پێنادەین. ئایا سوڵتان عەبدولحەمید پێیدان؟ توانیتان بیبەن؟ ئێمە نەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدەکانین و لەسەر هەمان رێگە دەڕۆین. تاوەکو ئەم گیانە لەم جەستەیەدا بێت، پشتیوان بە خودا، خاوەندارێتی لە ئەمانەتی باوباپیرانمان دەکەین و هەرگیز دەست لە قودس هەڵناگرین."
سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند: "تاوەکو دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەریی فەلەستین بە پایتەختی قودسی رۆژهەڵات لە چوارچێوەی سنوورەکانی 1967دا تێکۆشانمان بەردەوام دەبێ. وەک چۆن لە مێژوودا بووە، ئارامیی هەمیشەیی سبەی دێتە ئەو شارە پیرۆزەی کە لە شەقامەکانیدا شیر و هەنگوین دەڕژێت."
چی روویدا؟
رۆژی 16ی ئەیلوولی 202 بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە گەشتێکیدا بۆ تونێلێکی نزیک مزگەوتی ئەقسا، بە ئامادەبوونی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رەخنەی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا گرت و هۆکاری ئەوەش بۆ رووداوێکی ساڵی 1998 گەڕایەوە بەهۆی رادەستنەکردنی پاشماوەیەکی مێژوویی بە ئیسرائیل لەلایەن تورکیاوە.
نەتانیاهوو رایگەیاند، لە ساڵی 1998دا هەوڵی داوە "نووسراوی سەر تاشەبەردی سیلوان"ی مێژوویی بەدەست بهێنێت کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا لە قودس - ئۆرشەلیم دۆزراوەتەوە و ئێستا لە مۆزەخانەی شوێنەوارەکانی ئیستەنبووڵ پارێزراوە. بەگوێرەی نەتەنیاهوو، ئەو تاشەبەردە بایەخێکی مێژوویی گەورەی بۆ جووەکان هەیە.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی، لە ساڵی 1998دا پەیوەندی بە مەسعود یڵماز، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیاوە کردووە و پێشنیاری ئاڵوگۆڕکردنی نووسراوی تاشەبەردی سیلوان لەگەڵ هەر پارچە شوێنەوارێکی عوسمانی کردووە کە لە قودس- ئورشەلیم هەبێت. نەتەنیاهوو دەڵێت، "پێم گوت: هەزاران پارچە شوێنەواری عوسمانی لە مۆزەخانەکانماندا هەن. هەر دانەیەکت پێ خۆشە هەڵیبژێرە، با بیگۆڕینەوە بە نووسراوی تاشەبەردی سیلوان، بەڵام رەتیکردەوە."
نەتەنیاهوو گوتیشی، کاتێک پرسیاری هۆکاری رەتکردنەوەکەی کردووە، یڵماز لە وەڵامدا گوتوویەتی کە "بناخەیەکی جەماوەری گەورە هەیە کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەوکاتی ئیستەنبووڵ سەرۆکایەتی دەکات. ئەم بناخەیە زۆر تووڕە دەبێ ئەگەر تاشە بەردەکە رادەستی ئیسرائیل بکرێت."
لەکۆتایی گوتارەکەیدا، نەتانیاهوو گوتی، "بەڕێز ئەردۆغان، ئورشەلیم (قودس) شاری ئێمەیە، نەوەک شاری تۆ؛ هەمیشە شاری ئێمە دەمێنێتەوە؛ جارێکی دیکە دابەش ناکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ