دادگای تێهەڵچوونەوە سزای زیندانیکردنی ئیمامئۆغڵوی پەسندکرد

19-09-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

فەرمانگەی یەکەمی سزاکانی دادگای تێهەڵچوونەوەی ئیستەنبووڵ سزای زیندانیکردنەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی بە "تاوان"ی سووکایەتیکردن بە ئەندامانی دەستەی باڵای هەڵبژاردن بە یاسایی زانی. بەمەش وێڕای زیندانیکردن، قەدەخەی سیاسەتکردن و خۆبەربژێرکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت. 
 
ئەمڕۆ هەینی 19ـی ئەیلوولی 2025، فەرمانگەکە پێداچوونەوەی بەو بڕیارەی حەوتەمین دادگەی سزاکانی ئەنادۆڵدا کرد کە لە ساڵی 2022 بە تاوانی سووکایەتیکردنی ئاشکرا بە فەرمانبەرانی گشتی کە وەک دەستە کاردەکەن" سزای 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی بەسەر ئیمامئۆغڵودا سەپاندبوو.
 
 دادگای تێهەڵچوونەوە رایگەیاند، جگە لە هەڵەیەکی بچووک، هیچ پێشێلکارییەکی دیکەی یاسایی لە بڕیارەکەدا نییە و بۆیە بڕیارەکەی پەسند کرد.
 
لە بڕیارەکەدا جەخت لەسەر جێبەجێکردنی مادەی 53/1ی یاسای سزادانی تورکیا کراوەتەوە، کە تایبەتە بە بێبەشکردنی تاوانبار لە هەندێک ماف وەک مافی هەڵبژاردن و خۆبەربژێرکردن.
 
دادگای تێهەڵچوونەوە، تانەی پارێزەرانی ئیمامئۆغڵوی رەتکردەوە و دۆسیەکەی رەوانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری کرد کە بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دەدات.
 
سەرۆکایەتیی دەستەی باڵای هەڵبژاردن، سکاڵای لەسەر ئەکرەم ئیمامئۆغڵو تۆمارکردبوو بەهۆی ئەوەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لە رۆژی 4ی تشرینی دووەمی 2019دا "سووکایەتی" بە ئەندامانی دەستەکە کرد.
 
لە تۆمەتنامەیەکەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنادۆڵدا ئیمامئۆغڵو بەوە تۆمەتبار کرابوو کە بە ئاشکرا سووکایەتی بە سەعدی گوڤەن، سەرۆکی ئەو کاتی دەستەی باڵای هەڵبژاردن و 10 ئەندامی دیکەی ئەنجوومەنی کۆمسیاران کردووە و داوای سزای زیندانیکردن لە ساڵێک و 3 مانگ و 15 رۆژەوە تاوەکو 4 ساڵ و 1 مانگ بۆ کرابوو.
 
حەوتەمین دادگەی سزاکانی ئەنادۆڵ لە دانیشتنی رۆژی 14ی کانوونی یەکەمی 2022دا سزای 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ زیندانیکردنی بەسەر ئیمامئۆغڵودا سەپاند و بڕیاری بێبەشکردنی لە هەندێک مافی سیاسی، لەنێویاندا مافی هەڵبژاردن و خۆبەربژێرکردن دا.
 
بڕیارەکە لەلایەن پارێزەرانی ئیمامئۆغڵوەوە تانەی لێدرا و رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە کرا. بڕیاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری دەدرێت.
 
ئەگەر ئەنجوومەنەکە بڕیارەکە پەسندبکات، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو بە 2 ساڵ و 7 مانگ و 15 رۆژ زیندانی دەکرێ و قەدەخەی سیاسەتکردن و خۆبەربژێرکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو