رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی جەهەپە لە ئامەد هۆشداری دەدات لە خراپی دۆخی زیندانەکانی تورکیا و رایدەگەیێنێت، ژمارەی زیندانییان 124 هەزار کەس لە توانای گرتووخانەکان زیاترە و بەهۆی نەبوونی شوێنەوە، زیندانییان ناچارن بە نۆرە بخەون.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2025. سەزگین تانریکولو، پەرلەمانتاری کوری جەهەپە لە بازنەی ئامەد، کە هاوکات چالاکڤان و داکۆکیکاری مافی مرۆڤە، باسی دۆخی گرتووخانەکانی تورکیای کرد و داوای لە حکومەت کرد بەپەلە "رێکخستنی یاسایی" بکات.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی تانریکولو خستوویەتەڕوو، لە تورکیا 402 گرتووخانە هەن، کە توانای لەخۆگرتنی 304 هەزار کەسیان هەیە. بەڵام ئێستا 428 هەزار سزادراو و دەستبەسەرکراو لەو گرتووخانانەدان. ئەمەش بەو واتایە دێت کە 124 هەزار کەس لە سەرووی توانای گرتووخانەکانەوەن.
پەرلەمانتارە کوردەکەی جەهەپە دۆخی گرتووخانەکانی بە "لەڕادەبەدەر خراپ" وەسف کرد و گوتی: "لە هەندێک گرتووخانەدا لە قاوشی 20 کەسیدا 60 کەس دەمێننەوە، بەهۆی نەبوونی شوێنەوە زیندانییان ناچارن بە نۆرە بخەون."
تانریکولو ئاماژەی بەوەشدا، کە بەشێک لە زیندانییان کاتێکی زۆر لە کابینەی تەلەفۆنەکاندا بەسەردەبەن یان ناچارن لەسەر زەوی بخەون.
رەخنەی لە یاسای جێبەجێکردنی سزاکان گرت و رایگەیاند، بەهۆی رێکخستنە نادادپەروەرەکانەوە خەڵکێکی زۆر لە گرتووخانەکاندا هێڵدراونەتەوە. گوتیشی: "قوربانیانی یاسای کۆرۆنا هەن. چاوەڕوانییەک بۆ یاسایەکی جێبەجێکردنی سزای دادپەروەرانە و یەکسان دروستبوو، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی 6 بۆ 7 مانگ، هێشتا هیچ هەنگاوێک نەنراوە و ئەو نادادپەروەرییە دەستوورییە راستنەکراوەتەوە."
پەرلەمانتارەکەی ئامەد داوای لە حکومەت کرد بەپەلە هەنگاو بنێت و گوتی: "ئێمە پرۆژەیاسای خۆمان پێشکێشی پەرلەمان کردووە، کە بە راوێژ لەگەڵ قوربانیان و کۆمەڵەکان ئامادەمان کردووە. ئەگەر حکومەت قبووڵی بکات، دەتوانین لە ماوەی رۆژێک یان سێ رۆژدا یاساکە دەربکەین و کۆتایی بەم نادادپەروەرییە بهێنین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ