رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا، وردەکاریی سەردانەکەی بۆ لای سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە زیندان ئاشکرا دەکات و دەڵێت، دەمیرتاش داوای کردووە رەجەب تەیب ئەردۆغان ببینێت.
بولەنت ئارنچ، سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا پێشتر رایگەیاندبوو، رۆژی 8ـی تشرینی دووەمی 2025، سەردانی سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان کاڤالا-ی بازرگانی تورک لە گرتووخانەدا کردووە و لە کەناڵێکی یوتیوبدا گوتبووی، هەردوو دیدارەکە زیاتر لە کاژێرێکیان خایاندووە و بۆ ئەو زۆر گرنگ بوون.
ئارنچ، لەبارەی دیدارەکەوە زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد. گوتی: "دەمیرتاش بە شێوەیەکی دۆستانە قسەی جوانی پێگوتم. راستییەکەی بینیم کەسێکی زۆر پێگەیشتووە. وەک مرۆڤێکم بینی کە ئارەزووی ئەوەی هەبوو نموونەیەکی زۆر باش بێت لەپێناو دەوڵەت، گەل و خەڵکەکەماندا."
سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی تورکیا دەڵێت، دەمیرتاش داوای کردووە چاوی بە ئەردۆغان بکەوێت و باسی لەوە کردووە کە چی بە سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: "با رووداوەکان وەلا بنێین. من لەم رووداوانەدا هیچ کاتێک پشتگیریی تیرۆرم نەکردووە، بەڵام رەنگە هەندێک کەس لەنێو پارتەکەم یان لە دەرەوەی پارتەکەم ویستبێتیان ئێمە تێکەڵی ئەم رووداوانە بکەن. بەڵام سیاسەتم هەڵبژارد، تیرۆرم هەڵنەبژارد. هەرگیز بیرم لە تووندوتیژی نەکردووەتەوە و هانم نەداوە. هەوڵمداوە ببمە سیاسەتڤانێکی باش. رەنگە بەرپرسیارێتییەکم هەبێت بەرامبەر بە کردەوە و گوتەی هاوڕێکانم، بەڵام لە رووداوەکانی کۆبانێدا کە بەهۆیەوە تاوانبار دەکرێم، لەنێو هیچ تاوانێکی کوشتندا نەبووم."
ئارنج باسی لەوەشکرد کە دەمیرتاش ئەمەشی گوتووە: "ئێوەش خزمەتی دەوڵەت و گەلتان کردووە. ئەگەر من هەڵەم هەبێت، رەنگە ئێوەش هەڵەتان هەبووبێت. لەمەودوا من هەرگیز بیر لە خۆپاڵاوتن، سیاسەت و شتی وا ناکەمەوە، بەڵام دەمەوێت بەڵێنی پێبدەم کە هەرچیم لەدەست بێت لەپێناو وڵاتەکەمدا دەیکەم."
ئارنچ لە کۆتاییدا دەڵێت، "منیش پێمگوت، ئینشائەڵڵا و ماڵئاواییمان لە یەکدی کرد."
سەلاحەدین دەمیرتاش بە 47 دۆسیەی تاوان؛ تۆمەتەکانی (تێکدانی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەوڵەت)، (هاندان بۆ ئەنجامدانی تاوان)، (رێکخستنی خۆپیشاندانی نایاسایی)، (تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ)، (هاندانی خەڵک بۆ یاخیبوون لە دژی یاسا بەرکارەکان) و (پرۆپاگەندەکردن و پەسنکردنی تیرۆر) خرایە پاڵ.
دەمیرتاش لە رۆژی 4ـی کانوونی یەکەمی 2016 دەستبەسەرکرا و هەشت ساڵە لە زیندانە. ئەم هەشت ساڵە لە کۆی بڕیارەکە کەم دەکرێتەوە. بەمەش دەمیرتاش 34 ساڵی دیکە لە زیندان دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ