رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایدەگەیێنێت، چاودێریی وردی پێشهاتەکانی دیوی سووریا و هێڵی سنووری دەکەن و دەڵێت: "چاوپۆشی لە هیچ جۆرە وروژاندنێک ناکەین."
ئەمڕۆ سێشەممە 20-01-2026 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) رایگەیاند، چرکە بە چرکە چاودێریی پێشهاتەکانی سەر هێڵی سنوور دەکەن و گوتی، "دەمەوێت جارێکی دیکە دووپاتی بکەمەوە کە چاوپۆشی لە هیچ جۆرە وروژاندن و ئۆپەراسیۆنێکی چەواشەکاری ناکەین."
یەرلیکایا هۆشداری دەداتە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و دەڵێت، "ئەو هەواڵە درۆیانەی بە ئەنقەست بڵاودەکرێنەوە و ئامانجیان دروستکردنی ترسە لەنێو کۆمەڵگەدا، زانیاریی چەواشەکارین." ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان بەردەوامن لە کارەکانیان دژی ئەو کەسانەی "ناوەڕۆکی وروژێنەر" بڵاودەکەنەوە.
پەیامەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا لە کاتێکدایە، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردین کرد و دژی هێرشەکانی سەر رۆژئاوای کوردستان رێپێوانێکی ساز کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، پێش دەستپێکردنی رێپێوانەکە، لە نێو نسێبیندا زۆرێک لە دووکاندارەکان دەرگایان نەکردووەتەوە و کۆڵان بە کۆڵان بانگەواز بۆ خەڵک دەکرێت بەشداری لە چالاکییەکەدا بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ