وەزارەتی بەرگریی تورکیا: سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل هاوسەنگیی ناوچەکە زیاتر تێک دەدەن

20-06-2025
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل دژی غەززە، لوبنان، سووریا و ئێران، "هاوسەنگییە ناسکەکان"ی ناوچەکە زیاتر تێک دەدەن. پێویستە ئیسرائیل هەرچی زووە دەستبەرداری ئەو گوتە و هێرشانە بێت کە رەوتی جەنگەکە فراوانتر دەکەن.
 
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 19ـی حوزەیرانی 2025، لیوا زەکی ئاکتورک، راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە باڵەخانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ئەنقەرە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیی هەفتانەی رێکخست.
 
لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل لە کاتی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران، ئاسمانی تورکیایان بەزاندووە، لیوا زەکی ئاکتورک رایگەیاند: "ئەو زانیارییە راست نییە، لە یەکەم ساتی هێرشەکەدا چاودێری جووڵەی ئاسمانیی هەردوولا کراوە. هەروەها فڕۆکەکانمان فڕین و دەستیان کرد بە ئەنجامدانی ئەرک و گەڕانی ئاسمانیی لە ناوخۆی سنوورەکانمان."
 
ئەو راوێژکارەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا گوتیشی، "سوپای تورکیا بۆ هەموو جۆرە سیناریۆیەک بەرامبەر پێشهاتە هەرێمییەکان ئامادەیە. توانامان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور و ئەگەری قەیرانە مرۆییەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەکەمان لە بەرزترین ئاستدایە".
 
باسی لەوەشکرد، "سیاسەتە شەڕانگێزییەکانی ئیسرائیل دەرهەق بە غەززە، لوبنان، سووریا و ئێران، هاوسەنگییە ناسکەکانی ناوچەکە زیاتر تێک دەدەن. پێویستە ئیسرائیل هەرچی زووە دەستبەرداری ئەو گوتە و هێرشانە بێت کە رەوتی جەنگەکە فراوانتر دەکەن."
 
ئەوەشی خستەڕوو کە دوای هەڵگیرسانی شەڕ و پێکدادانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، تاوەکو ئێستا هیچ جۆرە هەوڵێکی نایاسایی کۆچکردن بۆ سنوورەکانمان رووینەداوە و گوتی: "سوپای تورکیا پێشوەختە هەموو رێوشوێنێکی ئەمنیی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری هەر شەپۆڵێکی کۆچ گرتووەتەبەر".

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی مەهەپە

مەهەپە داوای خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە دەکات

پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی - مەهەپە لەو راپۆرتەیدا کە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی پەرلەمانی تورکیای کردووە، پلانێکی سێ قۆناخی بۆ خۆڕادەستکردن و تێکەڵکردنەوەی ئەندامانی پەکەکە خستووەتەڕوو