ئەردۆغان: فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ خێرا دەکات

20-12-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت، پێشهاتە ئەرێنییەکانی سەبارەت بە فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا و هەڵگرتنی گەمارۆی چەک لەلایەن کەنەداوە لەسەر تورکیا، یارمەتیی ئەنقەرە دەدات بەرەو پەسندکردنی ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ هەنگاو بنێت. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەکاتی گەڕانەوەی لە هەنگاریاوە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، "پێشبینی دەکەین ئەو پێشهاتە ئەرێنییانەی لە بابەتی فڕۆکەی ئێف 16 و بەڵێنەکانی کەنەدا [لەبارەی هەڵگرتنی چەک]، یارمەتیی پەرلەمانەکەمان بدەن کە هەڵوێستێکی بنیادنەرانەیان بەرامبەر سوێد هەبێت".
 
تورکیا لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021دا داوای لە ئەمریکا کرد کە 40 فڕۆکەی جۆری ئێف 16ی پێ بفرۆشێت. هەرچەندە ئیدارەی جۆ بایدن پشتیوانی لە فرۆشتنی فڕۆکەکانی ئەمریکا بە تورکیا کرد، بەڵام ناڕەزایەتی لە کۆنگرێس لەسەر دواخستنی داواکاریی سوێد بۆ بوون بە ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆ و دۆخی مافی مرۆڤ لە تورکیا وایکرد، فرۆشتنی فڕۆکەکان بە تورکیا دوابکەوێت. 
 
کەنەداش لە ساڵی 2019ـەوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی گرێ سپی و سەرێ کانی لە رۆژئاوای کوردستان گەمارۆی فرۆشتنی چەکی خستووەتە سەر تورکیا. 
 
هەفتەی رابردوو، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باسیان لە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ کردووە و ئاماژەی بەوەش کرد، بایدن بەڵێنی پێ داوە کە فڕۆکەی ئێف 16 بە تورکیا بفرۆشێت. 
 
ئەوە لە کاتێکدایە، لە نیسانی ساڵی رابردوودا دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا، فینلاند و سوێد بەیەکەوە داواکارییان پێشکێش بە هاوپەیمانیی ناتۆ کرد بۆ ئەندامبوون لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە.
 
رۆژی 4-3-2023 لە بنکەی سەرەکیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە برۆکسل، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ و ساولی نینیستۆ، سەرۆکی فینلاند لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا بە فەرمی ئەندامێتیی فینلاندیان لە هاوپەیمانییە سەربازییەکە راگەیاند و بەو جۆرەش فینلاند بووە 31مین ئەندامی رێکخراوەکە.
 
هاوپەیمانێتیی ناتۆ لە 31 ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بڕگەی 5ـی پەیماننامەی ناتۆ کە لە ساڵی 1949دا واژۆ کراوە، هەر هێرشێك بکرێتە سەر ئەندامێکی ناتۆ، بە هێرشی سەر هەموو ئەندامەکانی دادەنرێت و دەبێت هەموو ئەندامەکانی وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە