لە هەفتەیەکدا 17 هەزار و 192 کەس لە تورکیا داواکارییان بۆ وەرگرتنی پێشینەی هاوژینی پێشکێشکردووە

21-01-2025
دیار سلێمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە هەفتەیەکدا 17 هەزار و 192 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا داواکارییان بۆ وەرگرتنی پێشینەی هاوژینی پێشکێشکردووە.
 
میدیای فەرمیی تورکیا رۆژی سێشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2025، بڵاویکردەوە، هەفتەی رابردوو زۆرترین داواکاری لە پارێزگەکانی ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و رووها بووە. 
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی 14ـی کانوونی دووەمی 2025 لە ئەنقەرە بەشداری لە پرۆگرامی 'ساڵی خێزان' کرد و رایگەیاند: ''لەکاتی هەڵبژاردنەکانی 14 و 28ـی ئایاردا بەڵێنی 'سندووقی خێزان و گەنج'مان دا و پار لە ناوچەی بوومەلەرزە دەستمان پێکرد. لە رێگەی ئەو سندووقەوە بڕی 150 هەزار لیرە پێشینەی هاوژینی بەو گەنجانە دەدرێت کە ژیانی هاوژینی پێکدێنن''.
 
ئەردۆغان گوتیشی: ''دوای دوو ساڵ لە وەرگرتنی، گەڕاندنەوەی پارەکە دەستپێدەکات و بە 48 مانگ دەدرێتەوە. ئەو پێشینەیە بێ سوودە و لە هەر 81 پارێزگادا جێبەجێ دەکەین".
 
بڕی 150 هەزار لیرەی تورکی دەکاتە نزیکەی 4 هەزار و 200 دۆلار.
 
مەرجەکانی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ پێشینەی هاوژینی ئەمانەن:
 
- دەبێت تەمەنی دوو کەسەکە لەنێوان 18-29 ساڵ بێت.
 
- خاوەنی هیچ موڵکێک نەبن؛ پشکیان لە هیچ موڵکێکدا نەبێت.
 
- نابێت تێکڕای داهاتی مانگ لە شەش مانگی کۆتاییدا دوو هێندە و سێ هێندی کەمترین بڕە مووچەی تورکیا بووبێت.
 
- ماوەی نێوان پێشکێشکردنی داواکاری تاوەکو رۆژی مارەبڕین، دوو مانگ کەمتر نەبێت و شەش مانگیش زیاتر نەبێت.
 
کەمترین بڕەمووچە لە تورکیا 22 هەزار و 104 لیرەیە کە دەکاتە نزیکەی 620 دۆلار.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی خێزان و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتیی تورکیا، پار لە کانوونی دووەمەوە تاوەکو ئەیلوول، 12 هەزار و 132 هاوژین داواکارییان بۆ پێشینەی هاوژینی پێشکێشکردبوو و سێ هەزار و 963 هاوژین تێیدا سوودمەندببوون.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە