ئاکپارتی و مەهەپە داواکاریی بەربژێرکردنی ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار پێشکێشدەکەن

21-03-2023
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
نیشانەکردن رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنی تورکیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) کاژێر 15:00 داواکاریی بەربژێرکردنی رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری تورکیا پێشکێشی دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەکەن.
 
بەگوێرەی پلانەکانی هاوپەیمانیی جمهوور، هەریەک لە عیسمەت یڵماز، سەرۆکی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا و ئەرکان ئاکچای، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەهەپە و عەلی ئیحسان یاڤوز، جێگری سەرۆکی گشتیی ئاکپارتی و فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی گشتیی مەهەپە داواکاریی بەربژێرکردنی ئەردۆغان پێشکێشدەکەن.
 
فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی و مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا، لە دوو کۆبوونەوەی جیاوازی داخراودا رۆژی 16ـی ئادار بڕیاریان سەبارەت بە بەربژێرکردنی رەجەب تەییب ئەردۆغان، بۆ سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا دابوو.
 
بەگوێرەی رۆژژمێری دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، رۆژی 14-5-2023 هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.
 
هاوپەیمانییەکانی جمهوور و میللەت رکابەری سەرەکین لەو وڵاتەدا. هەروەها پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەڕێی هاوپەیمانیی تایبەت بە خۆی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا دەکات. سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریش بڕیارە لە ئاییندەیەکی نزیکدا خۆی یەکلایی بکاتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە