رووداو دیجیتاڵ
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە هەفتەیەکدا 446 کۆچبەری نایاسایی و 15 قاچاخچییان دەستگیر کردووە.
ئەمڕۆ شەممە 21ی حوزەیرانی 2025 عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی ئێکس دەستگیرکردنی 446 کۆچبەری نایاسایی لە 51 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا بڵاوکردەوە. راشیگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکاندا 15 قاچاخچیش دەستگیر کران، کە دووانیان بیانی بوون.
یەرلیکایا رایگەیاند، لە رێگەی 28 هەزار و 874 کارمەند، کە بەسەر نۆ هەزار و 155 تیم دابەش کرابوون، لە 5722 خاڵدا پشکنینیان کردووە. لە ئەنجامدا داوای ناسنامەیان لە 412 هەزار و 887 کەس کردووە.
هەروەها تیمەکان پشکنینیان لە 14 هەزار و 674 شوێنی جیاواز کردووە، کە لە 4127 خانوو و باڵەخانەی چۆڵ کراو، 7192 شوێنکار، 477 تەرمینال و 2878 شوێن و ناوچەی دیکەی کراوە و داخراو پێکهاتووە؛ لە ئەنجامدا 446 کۆچبەری نایاسایی و 15 قاچاخچی دەستگیر کران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، زۆربەی کۆچبەرە دەستگیر کراوەکان لە ئەفغانستان، پاکستان، سووریا و چەند وڵاتێکی ئەفریقییەوە لە رێگەی قاچاخچییەکانیانەوە دزەیان کردبووە ناو تورکیا. کۆچبەرەکان لەنێوان هەفتەیەک تاوەکو مانگێکە لە تورکیان، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کران. بەشێک لە کۆچبەران بەنیازی چوونە ئەورووپا بوون و بەشەکەی دیکەشیان هەوڵیان دەدا لە تورکیا بمێننەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، سەرجەمیان رادەستی بنکەی کۆچ و کۆچبەرانی پارێزگاکان کراون، کە تێیدا دەستگیر کراون و لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا دیپۆرتی وڵاتەکانیان دەکرێنەوە.
بەگوێرەی ئاماری سهرۆكایهتى فهرمانگهى كۆچ، پار 254 هەزار و هەشت کۆچبەری نایاسایی دەستگیرکراون و 222 هەزار و 19یان دیپۆرتکراونەتەوە. هەروەها 206 هەزار و 421 کۆچبەریش رێگرییان لێکراوە دزە بکەنە نێو سنوورەکانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ