رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا باس لە بیرە نەوتەکانی چیای گابار لە باکووری کوردستان دەکات و دەڵێت، کاریگەرییان لە ساڵی 2024دا لەسەر ئابووریی تورکیا دەردەکەوێت.
دوای گەشتە چوار رۆژییەکەی بۆ سعودیە، قەتەر، ئیمارات و قوبرسی باکوور، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئەمڕۆ هەینی، 21-7-2023 لەنێو فڕۆکەدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
ئەردۆغان باسی بیرە نەوتەکانی چیای گابار لە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان کرد و گوتی، "لە ساڵی 2024دا کاریگەری ئەرێنی نەوتی گابار لەسەر ئابووریی وڵاتەکەمان دەردەکەوێت؛ دەتوانین بڵێین ئەمە لە کۆتایی 2024دا بەدی دەکرێت".
رۆژی 7ی حوزەیرانی 2023، دامەزراوەی نەوتی تورکیا "TPAO" رایگەیاند، دوای ئەوەی کێڵگەیەکی نەوت لە چیای گابار دۆزرایەوە، بەرھەمھێنانی رۆژانەی نەوت 70 ھەزار بەرمیلی تێپەڕاند.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەیش خرابووەڕوو کە سوورن لەسەر ئەوەی بەرھەمھێنانی نەوت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بگەیێننە 90 ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
لە سەرەتای مانگی ئایاریشدا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، کێڵگەیەکی نەوتی لە گابار دۆزراوەتەوە کە توانای ھەیە رۆژانە نزیکەی 100 ھەزار بەرمیل نەوت بەرھەمبھێنێت.
هەر رۆژی هەینی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی چەند بابەتێکی دیکە قسەی کرد، لەوانەش سەردانەکەی بۆ وڵاتانی کەنداو و گوتی، "پشت بەخودا لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ئەم سەردانە لەسەر ئابووریمان دەردەکەوێت. گەورەترین گرێبەستی هەناردەکردنمان لە بواری بەرگری و فڕۆکەوانییدا واژۆکرد. ئەم رێککەوتنانە متمانەی وڵاتانی کەنداو بە ئابووری و پیشەسازیی تورکیا پیشان دەدەن".
ئەردۆغان ئاماژەی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیسرائیل کرد و رایگەیاند، "یەکەمجارە پەیوەندی لەگەڵ نەتەنیاهوو دروست دەکەینەوە. هیوادارین ئەم پێشهاتە ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل".
سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆش قسەی کرد و گوتی. "هەنگاونانی کردەیی سوێد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و رادەستکردنەوەی تیرۆریستان لە بەرژەوەندی خۆیدایە. چاوەڕێی بردنە سەری ئەو دڵنیاییانەین سوێد پێی داوین".
ئەردۆغان هەروەها گوتی، "کاتێک یاسای تایبەت بە ئەندامێتیی سوێد لە ناتۆ پێشکێش بە پەرلەمان دەکرێت، پرۆسەکە بەپێی ساڵنامەی پەرلەمان بەرەوپێش دەچێت. بەدواداچوون بۆ ئەو گەرەنتی و بەڵێنانە دەکەین کە لە کۆبوونەوەکانماندا لایەنی سوێدی پێیان داوین. بەپێی ئەو هەنگاوانەی کە سوێد دەیانگرێتەبەر، مامەڵە دەکەین".
10 رۆژ لەمەوبەر سەرۆککۆماری تورکیا لە لیتوانیا و لە کاتی لووتکەی ناتۆ رەزامەندی دەربڕی بۆ ئەوەی پرسی بە ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ بنێرێتە پەرلەمانی وڵاتەکەی.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەردۆغان تیشکی خستە سەر رێککەوتنی تایبەت بە هەناردەکردنی دانەوێڵەی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە سێ رۆژ لەمەوبەر کۆتاییهات و گوتی، "پێموایە بە گفتوگۆکردنی تێروتەسەل لەگەڵ پووتین دەیگەینە ئەو ئەنجامەی کە رەوانەکردنی دانەوێڵە بەردەوام بێت. پێویستە وڵاتانی رۆژئاوا ئاوڕێک لە داواکارییەکانی پووتین بدەنەوە. سەرەتا بە تەلەفۆن و ئەگەر سەردانەکەی پووتین لە مانگی ئاب ئەنجام بدرێت، بە وردی تاوتوێی ئەو پرسە دەکەین. باوەڕم وایە بەردەوامی دەدەین بە دەستپێشخەری دانەوێڵە لە دەریای رەش".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ