رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پەکەکە، لەگەڵ فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمانی تورکیا کۆدەبێتەوە. یەکەم کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی دەم پارتی دەبێت.
کاژێر 15:00ی ئەمڕۆ دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، سەردانی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا دەکات و لەگەڵ هاوسەرۆکان، بابەتەکانی پرۆسەی چارەسەری و خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە گفتوگۆ دەکەن.
ئەم سەردانەی ئیبراهیم کاڵن بۆ پەرلەمان و کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنەکان پێش دامەزراندنی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی دەبێ لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کە رۆژی 18ـی مانگ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمان بەمەبەستی پێکهێنانی، لەگەڵ بریکارانی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان کۆبووەوە.
یەکێک لە تەوەری دیدارەکانی ئیبراهیم کاڵن لەگەڵ فراکسیۆنەکانی نێو پەرلەمان، میکانیزمی کارکردنی دەزگای هەواڵگری میت دەبێ بۆ پرسی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی دەم پارتی، ئیبراهیم کاڵن بە جیا لەگەڵ فراکسیۆنەکانی ئاکپارتی، مەهەپە، جەهەپە، ئیی پارتی، رێبازی نوێ کۆدەبێتەوە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی 11ی تەممووزی 2025، لە رێوڕەسمێکدا 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان سووتاند. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکە یەکێک بوو لەوان.
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێ.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ