ئەردۆغان دەڵێت، ئیمراڵی هەموو پشتیوانییەکی بۆ پرۆسەی چارەسەری کردووە و دەکات

21-07-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، پێداگرن لەسەر بنیاتنانی "داهاتوویەکی بێ تیرۆر" و ئاماژەی بەوەش کرد، پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکردووە و بەمزووانە لە پەرلەمان پێشکەوتنی بەرچاو روودەدات. جەختی لەوەش کردەوە، ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی بۆ پرۆسەکە پێشکێش کردووە و دەیکات.
 
میدیای فەرمیی تورکیا، ناوەڕۆکی گفتوگۆی رۆژنامەڤانیی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی بڵاوکردەوە. گفتوگۆ رۆژنامەڤانییەکە لەنێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیی کۆمار لەکاتی گەڕانەوەی ئەردۆغان بۆ تورکیا دوای گەشتەکەی رۆژی 20ی مانگ بۆ قوبرسی تورکیا، کردبووی.
 
لەبارەی پرۆسەی چارەسەری ئەردۆغان رایگەیاند، "بەردەوامین لە هەنگاونان بۆ گەیشتن بە ئامانجی(تورکیای بێ تیرۆر). لەم رێگەیەدا پێشکەوتن بەردەوامە. زۆر بە وریاییەوە کار دەکەین بۆئەوەی پرۆسەکە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هیچ پڕوپاگەندە و ئاژاوەیەکەوە. لە ئامادەباشیداین دژی هەموو ئەو هەوڵە تێکدەرانەی کە ئامانجمان دەخەنە مەترسییەوە."
 
سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، "پرۆسەی چەکدانان دەستیپێکردووە، هاوکارە پەیوەندیدارەکانمان بەدواداچوونی پێویست دەکەن و پەیوەندییەکان رێکدەخەن. بەپێی زانیارییەکانم، گفتوگۆکان لەبارەی کۆمیسیۆنی پەرلەمان گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی. لە داهاتوویەکی نزیکدا شایەتی بەرەوپێشچوون لە پەرلەماندا دەبن. سوورین لە بنیاتنانی داهاتوویەکی بێ تیرۆر. بە روونی دەزانین چی دەکەین، چۆنی دەکەین و لە کۆتاییدا دەگەینە کوێ."
 
"ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پێشکێش کردووە و دەکات"
 
ئەردۆغان باسی لە هەسەدە، ئیمراڵی و کاریگەرییەکانی پرۆسەی چارەسەر بۆ سەر رۆژئاڤا کرد و گوتی، "رووداوەکانی ناوچەکەمان، جارێکی دیکە راستیی ئەم هەنگاوەی ئێمەیان سەلماندەوە. ئێستا ئیمراڵی هەموو جۆرە پشتیوانییەکی بۆ ئەم پرسە پێشکێش کردووە و دەکات، ئەم لایەنەی بابەتەکە زۆر گرنگە. هەڵوێستی یەپەگە هەر ساتێک بێت دەکرێت بگۆڕێت. گرنگە بزانین ئەم نزیکبوونەوەیە چۆن کاریگەریی لەسەر هەسەدە دەبێت کە درێژکراوەی ئەوانە."
 
پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا دەربڕی و گوتی، "سوورین لە هەڵوێستمان، ئەحمەد شەرع لە سووریا بەتەنیا جێناهێڵین. نامانەوێت سووریا پارچە پارچە ببێت، بەڵکو رێکخستنەوەی سووریا بە ئەرێنی بۆ وڵاتی خۆشمان دەبینین، چونکە ئەمە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێمەشدا دەبێت."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد، "گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی سوورییەکان لە وڵاتەکەمانەوە بۆ وڵاتی خۆیان دەستیپێکردووە، لە کاتێکدا پێشتر بێهیوابوون و دەیانگوت 'ناگەڕێنەوە'. ئێستا دەستیان بە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە کردووە. ئێمەش هەموو پشتیوانییەک پێشکێش دەکەین بۆ خێراکردنی ئەم گەڕانەوەیە. دەمانەوێت بە خێراکردنی ئەم گەڕانەوەیە، سووریاش بەخێرایی ئاسایی ببێتەوە و ئێمەش سنوورەکانی باشوورمان پارێزراو بکەین."
 
"تورکیای بەهێز گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێراتر دەکات"
 
سەرۆکی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ناوخۆی تورکیا بەهێز بێت، گەشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی خێراتر دەبێت و گوتی، "پێشتریش گوتوومە، تێچووی بەڵای تیرۆر لەسەر وڵاتەکەمان 2 تریلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. چیدی ئەم سەرچاوانە بۆ وەبەرهێنانی بەرهەمدارتر و خاوەن بەهای ئابووریی زیاتر خەرج دەکرێن. پارەکە بۆ کرێکار، خانەنشین، فەرمانبەر، پیشەساز، بازرگان و جووتیار دەڕوات. بەمشێوەیە رێگە لە دۆزینەوەی زەمینەی تیرۆر دەگرین و سەرچاوە ئابوورییەکانمان لەبری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، بۆ بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیا تەرخان دەکەین."
 
"ئیسرائیل هەوڵ دەدات هەموو ناوچەکە بخاتە ناو ئاگرەوە"
 
لەبارەی دۆخی سوەیداوە، ئەردۆغان رایگەیاند، "سەرۆکی سووریا، هەڵوێستێکی راشکاوانە و پتەوی نیشانداوە. تاوەکو ئێستا هیچ سازشێکیشی نەکردووە. ئیسرائیل بەردەوام هەوڵ دەدات هەموو ناوچەکە بخاتە ناو ئاگرەوە. لە بەرامبەر ئەم هەوڵەدا، بەهۆی هەڵوێستی سووریاوە پرۆسەکە بە وریاییەوە بەڕێوەچوو. سووریا توانیویەتی بە نزیکەی 2500 سەرباز کۆنترۆڵی ناوچەکە بکات و بە هەنگاوە نوێیەکان کۆنترۆڵی سەپاندووە."
 
هەر لەبارەی درووزەکانەوە، ئەردۆغان گوتی، "لێرەدا دوو باڵی درووزەکان هاوئاهەنگن، بەڵام باڵێکیان لەگەڵ ئیسرائیل کار دەکات و دەست لە تێکدان هەڵناگرن. بۆیە جاروبار پێکدادان لە ناوخۆدا روودەدات. پۆلیس و سەرباز ناتوانن بچنە ناو شارەکەوە و لە دەوروبەری جێگیربوون، بەڵام لانی کەم رێگەیان لە هاتنی توخمە دەرەکییەکان گرتووە."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش کرد و گوتی، "پەیوەندیی تەلەفۆنیم لەگەڵ سەرۆک شەرع ئەنجامدا و لەبارەی هەڵوێستەکانییەوە قسەمان کرد، داواکارییەکانی ئەوم لێ وەرگرت و پێمان راگەیاند کە هەموو پشتیوانییەکی پێشکێش دەکەین. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەمان، لەگەڵ نوێنەری تایبەتی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە پەیوەندیی بەردەوامدایە. بە هەمان شێوە ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و یاشار گولەر، وەزیری بەرگریمان، لەگەڵ هاوتاکانیان لە گفتوگۆدان."
 
سەرۆکی تورکیا لە کۆتاییدا ئیسرائیلی بەوە تۆمەتبار کرد کە نایەوێت سەقامگیری لە سووریا هەبێت و گوتی، "کێشەی ستراتیژیی گەورەتر ئەوەیە کە ئیسرائیل ئەم پێکدادانانە بکاتە بیانوو و هەوڵی داگیرکردنی ناوچەکە بدات. وەک دەزانن، ئیسرائیل نایەوێت سەقامگیری لە ناوچەکەدا هەبێت و پێی وایە سووریایەکی یەکگرتوو بۆ ئەو باش نییە، بۆیە بەردەوامە لەم جۆرە پڕوپاگەندانە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە