تورکیا
وێنەی کۆچبەرە کوردە ئێزدییەکان. وێنەکان: لە ڤیدیۆیەک وەرگیراون کە کۆچبەرەکان تایبەت بە رووداو ناردوویانە
رووداو دیجیتاڵ
ئەو شەش کۆچبەرە کوردەی کە رۆژی شەممە لە دارستانەکانی رۆژهەڵاتی باکووری یۆنان بەهۆی نەمانی ئاو و خۆراک و ونکردنی رێگەوە ژیانیان کەوتبووە مەترسییەوە، دوای رزگارکردنیان، دیپۆرتی تورکیا کرانەوە و بڕیاریانداوە بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
یەکێک لەو کۆچبەرانە بە تەلەفۆن بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای سێ رۆژ لە ونکردنی رێگە و بێهیوابوون لە بەهاناوەچوونی پۆلیس و رێکخراوە مرۆییەکان، بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 20-08-2023 گەیشتوونەتە گوندێک و لەوێ خۆیان رادەستی پۆلیسی یۆنان کردووە، دواتریش دیپۆرتی تورکیا کراونەتەوە و ئێستا هەر شەشیان بە سەلامەتی لە ئیستەنبووڵن.
شەش کۆچبەرەکە کوردی ئێزدیی دانیشتووی ناحیەی سنوونێی سەر بە قەزای شنگالن، کە هەموویان ئەندامی یەک ماڵباتن و ژنێک و کچێکیشیان لەگەڵدایە.
رۆژی شەممە 19-08-2023، یەکێکیان بە تەلەفۆن بە رووداوی راگەیاند، بە یارمەتیی قاچاخچییەک لە ئیستەنبووڵەوە بە ئۆتۆمبێل چوونەتە سەر سنووری نێوان تورکیا و یۆنان، لەوێ قاچاخچییەکە جێیهێشتوون و پێی گوتوون بە چووپ لە رووباری مەریچ بپەڕنەوە بۆ نێو سنووری یۆنان. دواتر بەنێو دارستانی چڕ و شاخە سەختەکاندا رێگەی سێ رۆژیان بە پێ بڕیوە، 10 کیلۆمەتر لە سنوور دوورکەوتنبوونەوە، بەڵام بە هیچ شوێنێک نەگەیشتبوون و بەهۆی شەکەتی و نەمانی خۆراکەوە، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببوو.
هەمان کۆچبەر، ئەمڕۆ دووشەممە بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی سەختیی رێگەکەیانەوە بێزار و بێهیوا بوون و بڕیاریاندا خۆیان رادەستی پۆلیسی یۆنان بکەن بۆ ئەوەی دیپۆرتی تورکیایان بکەنەوە، تاوەکو بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەو کۆچبەرە کە هاوژین و کچەشی لەگەڵدایە گوتیشی، "کۆچکردن بۆ خێزان زۆر زەحمەتە. رێگەکە سەخت و مەترسیدارە. ئێستا تەنیا دەمەوێت خێزانەکەم سەلامەت بن، گرنگ نییە لە کوێ بین. بۆ من خێزانەکەم لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە."
کۆچبەرەکە ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا لە هۆتێلێکی ئیستەنبووڵن و دوای وەرگرتنی چارەسەر بۆ هاوژین و کچەکەی کە لە رێگەی کۆچدا نەخۆشکەوتوون، دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
شەش کۆچبەرەکە لەلایەن پۆلیسی یۆنانەوە بە ئۆتۆمبێل براونەتە سەر رووباری مەریچی سەر سنووری نێوان ئەو وڵاتە و تورکیا، لەوێ بە چووپ گوێزراونەتەوە دیوی دیکەی سنوور و پاشان بە تەکسی گەڕاونەتەوە ئیستەنبووڵ، ئەمەش وەکو کۆچبەرەکە باسی لێوەکرد.
لەبارەی هۆکاری کۆچکردنەکەیان، هاونیشتمانییەکە بە رووداوی گوت، 9 ساڵ بەسەر کارەساتی شنگالدا تێپەڕیوە، بەڵام "هێشتا هیچ داهاتووییەکی روونمان" لەوێ نییە و "رێگەی کۆچیش سەختە؛ نازانین چی بکەین."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ