پەرلەمانتارێکی جەهەپە: لە تورکیا نرخی پێداویستیی قوتابخانە 105% زیادکراوە

21-08-2023
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی جەهەپە ئاشکرای دەکات، سەرباری ئەوەی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکان، کەچی دەسەڵات نرخی پێداویستییە سەرەکییەکانی خوێندنیان 105% بەرزکردووەتەوە.
 
ئەڤریم کاراکۆز، پەرلەمانتاری جەهەپە لە بازنەی پارێزگای ئایدن و ئەندامی لیژنەی کاروباری ناوخۆی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، دەسەڵات بەردەوام دەستی بۆ بیناقاقای هاووڵاتییان بردووە و دەبات، دوایین گوشارەکانی دەسەڵات بۆ سەر هاووڵاتییان، گرانکردنی نرخی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی خوێندنە بە رێژەی 105%.
 
ئەڤریم کاراکۆز لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی، "هەواڵێکی زۆر ناخۆش بۆ باوانی قوتابییان، دەسەڵات دیسان دەست بۆ بیناقاقاتان دەبات. ئەو منداڵانەی ئەمساڵ دەچنە قوتابخانە بنەڕەتییەکان دەبێت پارە چاپ بکەن بۆ خەرجیی جلوبەرگ و پێداویستییەکانی دیکە، کە ئەستەمە هەموو دایک و باوکان بتوانن ئەم پێداویستییانە بۆ منداڵەکانی بکڕن."
 
ئەو پەرلەمانتارەی جەهەپە دەشڵێت، "ساڵی رابردوو نرخی دوو دانە سێتی جلوبەرگی قوتابییان کە لە کراس، پانتۆڵ و پێڵاو پێکهاتووە، 800 لیرە (نزیکەی 38 هەزار و 500 دیناری عێراقی) بوو. کەچی هەمان پێداویستیی جلوبەرگ بۆ ئەمساڵ 3500 لیرەیە (نزیکەی 168 هەزار و 500 دیناری عێراقی). هەروەها قوتابی پێویستە پێڵاوێکی وەرزشیشی هەبێت. پارساڵ نرخەکەی 450 لیرە بوو (21 هەزار و 750 دیناری عێراقی) نرخی ئەمساڵە گەیشتووەتە زیاتر لە 700 لیرە (33 هەزار و 750 دینار). ئەمە جگە لە پێداویستی خوێندن."
 
باسی لەوەش کرد، ئەگەر بێتو کرێی هاتووچۆ بە پاس، دوو ژەم خواردن لە قوتابخانە و خەرجیی دیکەی رۆژانەشی بخرێتەسەر، بارگرانییەکی دیکە بۆ دایک و باوکی قوتابییان دروست دەکات. ئەگەر خێزانێک زیاتر لە دوو قوتابییان هەبێت، ئەو کات کارەسات روودەدات.
 
رۆژی 11ی ئەیلوولی 2023 دەرگای قوتابخانەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان بۆ وەرزی خوێندنی 2023 - 2024 دەکرێتەوە و 19 ملیۆن و 616 هەزار و 324 قوتابی روو لە قوتابخانەکان دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەم پارتی

دەم پارتی لە راپۆرتەکەی تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری داوای چی دەکات؟

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەو راپۆرتەی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری پێشکێشی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کردووە، چەند داواکارییەکی بەرزکردووەتەوە