پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: پێشبینی دەکەین هەفتەی داهاتوو شاندێکی کۆمیسیۆن سەردانی ئیمراڵی بکات

21-11-2025
پەیمان محەممەد
محەممەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی
محەممەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی پێشبینی دەکات، هەفتەی داهاتوو شاندێکی کۆمیسیۆنی پەرلەمانی تورکیا بۆ پڕۆسەی چارەسەری، سەردانی ئیمراڵی بکات. دەشڵێت، جەهەپە دژایەتیی چوونی شاندەکە ناکات.
  
ئەمڕۆ هەیەنی 21-11-2025 محەممەد کاماج، پەرلەمانتاری دەم پارتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هیڤیدار زانا پێشکێشی کرد، لەبارەی ئەگەری چوونی شاندێکی کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی لە پەرلەمانی تورکیا بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، ''دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ کۆمیسیۆن کۆدەبێتەوە و بڕیار لەسەر ئەم بابەتە دەدات.''
 
پێچەوانەی ئاکپارتی، دەم پارتی و مەهەپە، هێشتا پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە ئەگەری چوونی شاندەکە بۆ ئیمراڵی رانەگەیاندووە و دەنگۆی دژایەتیکردنی هەیە.
 
محەممەد کاماج گوتی، ''ئێمە پێمانوایە جەهەپەش بۆ چوونی شاندەکە دەنگی بەڵێ دەبێت، ناڵێت نەخێر، بەڵام هەندێک نیگەرانی هەیە.''
 
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) رۆژی سێشەممە 18-11-2025 لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەیدا باسی لە ئەگەری سەردانی کۆمیسیۆنەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کرد و بە پێویستی زانی بابەتی دیداری ئیمراڵی یەکلایی بکرێتەوە.
 
محەممەد کاماج پێشبینی دەکات، ئەگەر کۆمیسیۆن چوونی شاندەکەی کۆمیسیۆن بۆ ئیمراڵی پەسند بکات، لە هەفتەی داهاتوودا سەردانەکە دەکرێت و شاندەکە دیداری لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان دەبێ.''
 
ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا هەنگاوەکان بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری ''تاکلایەنە'' بوون و تەنیا لەلایەن عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکە نراون؛ ''لە بەرامبەر ئەم هەنگاوانەدا، پێویستە دەسەڵات و دەوڵەتی تورکیاش هەنگاو بنێت.''
 
محەممەد کاماج، بە پێویستی دەزانێت، وەک هەنگاوی یەکەم، کۆمیسیۆن بە زووترین کات پڕۆژەیاسایەک بۆ پەرلەمانی تورکیا پێشنیاز بکات، ''بۆ ئەوەی زەوینەیەکی یاسایی دروست بکرێت کە ئەو کەسانەی چەک دادەنێن، بتوانن بگەڕێنەوە نێو کۆمەڵگە و گۆڕەپانی سیاسەت.''
 
وەک ئەو پەرلەمانتارەی دەم پارتی دەڵێت، لە ئەگەری پێشنیازکردنی پڕۆژەیاساکە لەلایەن کۆمیسیۆنەوە، تێپەڕکردنی لە پەرلەمان دەمێنێتەوە بۆ دوای سەری ساڵی 2026، ''ئەوکات لە ماوەیەکی کەمدا پەسند دەکرێت. هیوای ئێمە ئەوە بوو کە تاوەکو ئێستا ئەم هەنگاوە نرابا و یاساکە تێپەڕێندرابا، بەڵام بەداخەوە ئەوە نەکرا.''
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند، کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە