رووداو دیجیتاڵ
پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هەڵوێستی خۆی لەبارەی بڕیارەکەی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بۆ نەناردنی هیچ ئەندامێکی لە کۆمیسیۆنەکەی پەرلەمانی تورکیا بۆ دوورگەی ئیمراڵی راگەیاند.
ئەمڕۆ هەینی 21ی تشرینی دووەمی 2025، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، "نابێت بڕیارەکەی کۆمیسیۆن لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی دەسەڵات بخوێندرێتەوە" و داوای لە جەهەپە کرد "پرسی کورد بە دروستی بخوێنێتەوە."
تونجەر باکرهان لە پارێزگای چەولیگی باکووری کوردستان لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا هەڵوێستی جەهەپەی بەم شێوەیە هەڵسەنگاند، "ئێمە لە پرۆسەیەکداین کە باسی دیموکراسیی تورکیا دەکەین. بەداخەوە، هەندێک پارتی سیاسی هەوڵدەدەن دژایەتیی دەسەڵات بگۆڕن بۆ دژایەتیی پرۆسەی چارەسەری. پرسی کورد پرسێکی 100 ساڵەی ئەم وڵاتەیە، زۆر درێژخایەنە. نابێت ئەمە بکرێتە دژایەتیی دەسەڵات."
باکرهان ئاماژەی بە بایەخی پرۆسەی چارەسەری کرد و رایگەیاند، چارەسەرنەکردنی پرسی کورد باجێکی قورسی دەبێت، هەربۆیە "پێویستە ئەم پرسە وەک کێشەیەک کە وزە و ئابووریی تورکیا لەنێودەبات، بە شایستەیی چارەسەر بکرێ. پێچەوانەکەی بووەتەهۆی زیان بۆ ئێمە، بۆ تورکیا و دیسانەوەش زیانی دەبێت."
باکرهان رەخنەی لە بڕیارەکەی جەهەپە گرت و چاوەڕوانییەکانی پارتەکەی بەم وشانە دەربڕی: "پێویستە پارتی گەلی کۆماری پرسی کورد بە دروستی بخوێنێتەوە. خەڵکی چەولیگیش لە راستییدا بڕیارەکە بە دروستی دەخوێننەوە. چاوەڕوانیمان ئەوەیە جەهەپە ئەم پرسە گرنگە، بەبێ ئەوەی بیکاتە دژایەتیی دەسەڵات، بە دروستی بیخوێنێتەوە و لە بەرژەوەندیی 86 ملیۆن کەس هەڵبسەنگێنێت."
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە، موراد ئەمیر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە ئەمڕۆ رایگەیاند، هیچ ئەندامێکیان لە کۆمیسیۆنەکەی پرۆسەی چارەسەریی پەرلەمانی تورکیا ناچێتە دوورگەی ئیمراڵی بە مەبەستی دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ