رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی ئاکپارتی لە ئامەد رەخنەی تووند لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەگرێ و دەڵێت، "جەهەپە باوباپیرانی ئێمەی لەسێدارەداوە." ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو پارتە "هەرگیز لەگەڵ گەلی کورد نەبووە."
سوونا کەپۆلو ئاتامان، پەرلەمانتاری ئامەدی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی ئێوارەی رۆژی هەینیی رووداو، کە رێبوار عەلی پێشكێشی کرد، باسی لە هەوڵەکان بۆ سەردانی ئیمراڵی و هەڵوێستی پارتەکان کرد.
لێدوانەکانی ئەو پەرلەمانتارە دوای ئەوە هات کە رۆژی هەینی 21-11-2025، "کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی" بە سەرۆکایەتیی نوعمان کورتوڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بۆ تاوتوێکردنی بابەتی "رۆیشتن بۆ ئیمراڵی" کۆبووەوە.
"ئەندامانی لیژنەکە دەچنە لای ئۆجەلان"
لە کۆبوونەوەکەدا کۆمیسیۆنەکە بڕیاریدا شاندێک بنێرێتە ئیمراڵی. لە دەنگدانەکەدا مەهەپە، ئاکپارتی، دەم پارتی، پارتی کرێکارنی تورکیا و پارتی رەنج بە "بەڵێ" دەنگیاندا و بڕیارەکە بە 32 دەنگ پەسند کرا.
هاوکات هەریەک لە پارتی چەپ، پارتی دیموکرات و هودا پار بە "نەخێر" دەنگیاندا؛ جەهەپە و یەنیدەن رەفاهـ بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و بەشداری دەنگدان نەبوون، پارتی رێگەی نوێش بێلایەن بوو.
ئاتامان لەو بارەیەوە گوتی، "هەر کەسێک نەیەت با نەیەت. ئەم کۆمیسیۆنە دەچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دادەنیشێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم قۆناخە بۆ تورکیا و کورد یەکجار گرنگە؛ هەروەها گوتی، "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەم بابەتەدا ئازان و حیسابی هەڵبژاردن ناکەن."
هێرشی تووند بۆ سەر جەهەپە
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی بە تووندی سەرکۆنەی هەڵوێستی جەهەپەی کرد لەو پرۆسەیەدا و گوتی، جەهەپە "رووی راستیی خۆی نیشاندا."
ئاتامان گوتی، "جەهەپە هیچ کاتێک لەگەڵ گەلی کورد نەبووە و نەوەستاوە. جەهەپە باوباپیرانی ئێمەی لەسێدارەداوە و تاوەکو ئەمڕۆش لەبەر خاتری گەلی کورد هیچ کارێکی نەکردووە. ئەگەر شتێکیشی گوتبێت، تەنیا لەبەر بەرژەوەندیی خۆی بووە."
لەبارەی ئەنجامی هەوڵەکان و پرۆسەی نوێ، سوونا کەپۆلو گوتی، "ئەم پرۆسەیە بە هەموو شێوەیەک سەردەگرێ. گەلی کوردیش دەیەوێ و گەلی تورکیش دەیەوێ. کورد و تورک لێک جیاناکرێنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ