رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی سووتانی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵووی تورکیا، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری بەوەکالەتی بەرگری شارستانیی شارەکە دەستگیرکران.
لەسەر راسپاردەی داواکاری گشتیی کۆماریی بۆڵو و بە بڕیاری لیژنەی لێکۆڵینەوە، ئەم ئێوارەیە (چوارشەممە، 22-1-2025) هەریەک لە سێدات گولەنلەر، یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانیی و کێنان جۆشکون، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی بۆڵو بەوەکالەت، لە دۆسیەی سووتانی هۆتێلەکەی شارۆچکەی کارتاڵ کایا دەستگیرکران.
وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەهۆی سووتانی هۆتێلەکەی پارێزگای بۆڵو گیانیان لەدەستداوە، بۆ 76 بەرزبووەوە.
عەلی یەرلیکایا گوتیشی "ناسنامەی 52 لەوانەی گیانیان لەدەستداوە دیارە و تەرمی 45ـیان رادەستی کەسوکاریان کراونەتەوە. ئەوانەی دیکە تاوەکو ئێستا نەناسراونەتەوە، دوای ئەوەی تیمی تایبەتی دادپزیشکی لەڕێگەی دی ئێن ئەی ئەو ناسنامانەش دەناسێتەوە، ئەوانیش رادەست دەکرێن".
وەزیری ناوخۆی تورکیا راشیگەیاند، تیمی داواکاری گشتی دەستی بە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە کردووە و تاوەکو ئێستا 11 کەس دەستگیر کراون.
هۆتێلەکە لە ناوەندی خلیسکێنەی سەر بەفری کارتاڵکایایە، کە دەکەوێتە سەر لووتکەی چیای کۆرۆغڵو.
ئاگرەکە بەرەبەیانیی رۆژی 21ـی کانوونی دووەمی 2025، بە هۆکارێكی نادیار لە نهۆمی چوارەمی هۆتێلە 12 نهۆمییەکە کەوتەوە و، لەماوەیەکی کەمدا تەواوی هۆتێلەکەی گرتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ