رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری تورکیا دەستووری ئێستای وڵاتەکەی بە "دەستووری کودەتاچییان" ناودەبات و بە پێویستی دەزانێت، دەستوورێکی مەدەنی بنووسرێتەوە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی پێنجشەممە 22-5-2025 لەکاتی گەڕانەوەی لە هەنگاریاوە، لە نێو فڕۆکە قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و باسی لە نووسینەوەی دەستوورێکی نوێ کرد.
ئەردۆغان لە باسی دەستوورێکی نوێدا جەختی لەسەر گۆڕانی تورکیا و جیهان کردەوە و گوتی: "هەرچەند هەمواری دەکەیتەوە، بیکەوە. ئایا دەتوانیت لەڕێی دەستوورێکەوە بچیتە پێشەوە کە لە سەردەمی کودەتادا نووسراوەتەوە؟ ئەی ماوەی 40 ساڵە نایبینن چەندە سەختە لەڕێی دەستووری کودەتاچییانەوە بتەوێت کۆمەڵگە یەک بخەیت؟"
سەرۆککۆماری تورکیا پێیوایە "زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆی تورکیا بەهۆی ئەو دەستوورەیە کە کودەتاچییەکان نووسیویانەتەوە."
ئەمە لەکاتێکدایە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا دەڵێن، ئەردۆغان تەنیا بۆ ئەوەی جارێکی دیکە خۆی بەربژێر بکات، بۆیە دەستوور دەگۆڕێت.
ئەردۆغان گوتی: "من خەمێکی لەوجۆرەم نییە کە جارێکی دیکە هەڵبژێردرێم یان خۆم بەربژێر بکەم. بەڵکو خەمی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ ئەو هەنگاوەی دەینێین، چۆن وڵاتەکەمان بەرز دەکەینەوە. شوکر ئێستا داهاتی نیشتمانیی تورکیا لە ئاستێکی باشە".
زۆربەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا لەگەڵ نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنین و دەڵێن ئەو دەستوورە لە کودەتاکەی ساڵی 1980 لەلایەن کودەتاچییانەوە بەسەر خەڵکدا سەپێندراوە.
هەریەک لە پارتە سیاسییەکان داواکاری و چاوەڕوانیی خۆیان بۆ دەستووری نوێی وڵاتەکە هەیە.
دوای کودەتاکەی کەنعان ئێڤرەن، لە رۆژی 12ـی ئەیلوولی 1980 حکومەتی ئەوکات ناچالاک کرا و رژێمێکی سەربازیی بەڕێوەبردن راگەیێنرا.
رژێمی سەربازی بە سەرکردایەتیی کەنعان ئێڤرەن دەستوورێکیان نووسییەوە. رۆژی 7-1-1982 خەڵک بۆ پەسندکردن یان رەتکردەوە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لە کۆی 18 ملیۆن و 885 هەزار و 488 کەس کە دەنگیان دا، 17 ملیۆن و 215 هەزار و 559 کەس دەنگی "بەڵێ"یان بە دەستوورەکەی کەنعان ئێڤرەن دا.
ئەو دەستوورەی ئێستا لە تورکیا بە بەرهەمی کودەتا وەسفدەکرێت، ئەوکات رەزامەندیی 91.3٪ی تورکیای بەدەستهێنا و خرایە واری جێبەجێکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ