لە ئیستەنبووڵەوە بۆ ئەنقەرە رێپێوان بۆ زمانی کوردی دەکرێت

22-07-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک و دامەزرێنەری بزاوتی زمانی کوردی - حەزکورد دەڵێت، بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی، لە ئیستەنبووڵەوە بۆ ئەنقەرە رێپێوان دەکات. 
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 21ی تەممووزی 2023، پارێزەر سوبحی ئۆزگەن لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر، پەیامێکی ڤیدیۆیی بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ گەیاندنی داواکاری بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی لە تورکیا و گەیاندنی دەنگی بۆ بڕیاربەدەستانی ئەنقەرە، رێپێوانێک ئەنجام دەکات. 
 
سەرۆکی بزاوتی حەزکورد لە تویتەکەیدا دەڵێت، "بۆ پێشکێشکردنی داواکاریمان بۆ بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی و بۆ ئەوەی بابەتی زمانی کوردی ببێتە رۆژەڤێکی گەرمی ئەنقەرە، رۆژی 24ی تەممووزی 2023 لە ئیستەنبووڵەوە دەست بە رێپێوانێک دەکەم تا ئەنقەرە".
سوبحی ئۆزگەن لە پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا بانگهێشتی سەرجەم چالاکڤان و هاونیشتمانییان دەکات کە بەشداری لە رێپێوانەکەدا بکەن تاوەکو هەوڵەکەی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت. 
 
بزاوتی زمانی کوردی یان حەرەکەتا زمانێ کوردی - حەزکورد-HEZKURD لە ئەیلوولی 2020 لەلایەن پارێزەر سوبحی ئۆزگەن و ژمارەیەک چالاکڤانی کورد لە ئامەدی باکووری کوردستان دامەزرا. ئامانجی ئەم بزاوتە بە فەرمی ناساندنی زمانی کوردی و جێگیرکردنییەتی لە دەستووری تورکیا و کارکردنە بۆ ئەوەی زمانی کوردی بە فەرمی لە سەرجەم قۆناخەکانی پەروەردە و فێرکردندا دانی پێدا بنرێت و بەکاربهێنرێت. 
 
بە گوێرەی دەستووری تورکیا، تورکی تەنیا زمانی پەروەردە و فێرکردنە لە باکووری کوردستان و تورکیا، بەڵام چەند ساڵێکە وانەی بژاردەش هەیە و لە بەشێک لە زانکۆکانیش بەشی زمان و ئەدەبییاتی کوردی کراوەتەوە. 
 
ساڵی 2018 سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزرێنران؛ ساڵی 2019 مامۆستای زمانی کوردی دانەمەزرێنرا؛ ساڵی 2020 یەک مامۆستا؛ ساڵی 2021 سێ مامۆستا و ساڵی 2022یش سێ مامۆستای زمانی کوردی دامەزران.  
 
رۆژی 8ی ئایاری 2023، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا رایگەیاند، بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 چل و پێنج هەزار مامۆستایان دامەزراندووە، 50 کەس لەوان مامۆستای زمانی کوردین. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە کۆی ئەو 50 مامۆستا دامەزراوە 35 مامۆستا بۆ شێوەزاری کرمانجی و 15 مامۆستاکەی دیکەش بۆ شێوەزاری زازاکی دامەزراون. 
 
لە ساڵی 2012 زانکۆی ئارتوکڵو لە مێردین، زانکۆی ئاڵپئەرسڵان لە مووش، زانکۆی چەولیگ لە چەولیگ، زانکۆی مونزور لە دێرسم و ساڵی 2017یش زانکۆی یوزونجوییڵ لە وان، بەشی زمان و ئەدەبیاتی کوردی کرانەوە و تاوەکو ئێستا 1603 دەرچوویان هەیە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە