یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: هەنگاو بە هەنگاو بەدیدێت

22-07-2025
دیار سلێمان
دیار سلێمان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا - ئاکپارتی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت، ئامانجێکە هەنگاو بە هەنگاو بەدیدێت.
 
حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی شەوی دووشەممە 21ی تەممووزی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، پرۆسەی چارەسەری بە تەنیا "ئاواتێک" نییە، بەڵکو "ئامانجێکە هەنگاو بە هەنگاو بەدیدێت."
 
یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی جەختی لە سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری کردەوە و گوتی، "لە چوارچێوەی ئامانجی تورکیای مەزندا، بە تێپەڕاندنی یەکە بە یەکەی بەربەستەکانی بەردەممان، بە هەنگاوێکی دڵنیاترەوە بەرەو سەدەی دووەمی وڵاتەکەمان هەنگاو دەنێین."
 
یایمان ئاماژەی بە گرنگیی رۆڵی پەرلەمانی وڵاتەکەی لە سەرخستنی پرۆسەکەدا کرد و باسی لەوە کرد، "لە ماوەیەکی نزیکدا بەیەکەوە گەواهیدەری هەنگاو و پێشهاتی گرنگ لە زەوینەی پەرلەماندا دەبین."
 
ئەو گوتەیەی یایمان لە کاتێکدایە، بڕیارە لە داهاتوودا لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پێکبهێندرێت.
 
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. 
 
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە